نوێترین زانیاری له‌سه‌ر دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عیراق و هه‌رێم


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
هۆشیار عەبدوڵا، ئه‌ندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، هۆكاری دواكەوتنی مووچەی فه‌رمانبه‌رانی عێراق نەبوونی سیولەیە و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتووشدا ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت.


هۆشیار عەبدوڵا، بە وێستگە نیوزی راگەیاند: كێشەی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق تەنها پەیوەندی بەنەبوونی سیولەوەیە، لە ئێستاشدا وەزارەتی دارایی روونكردنەوەیان بڵاوكرد،متەوە كە ئەوە هۆكارەكەیەتی و لەهەوڵیشدان بۆ ئەوەی بەزووترین كات چارەسەری كێشەكە بكەن، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر حاڵەتێك كاتێك لەعێراق بۆ چەند رۆژێكی كەم مووچە دوادەكەوێت، وەزارەتی دارایی بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە روونكردنەوە دەدات.

ناوبراو روونیكردەوە، چارەسەری نەبوونی سیولەش روونە بەفرۆشتنی دۆلار و كڕینەوەی دینارە لەبازاڕ، یان چاپكردنی پارە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا روونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی بەرپرسیارانەیە و بەڵێنیان داوە لەزووترین كاتدا چارەسەری بكەن و رەنگە لەچەند رۆژی داهاتوودا عێراق دەست بەدابەشكردنی مووچە بكات.

سەبارەت بەڕەوانەكردنی 320 ملیار دینارەكەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت، دەبێت وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان وەڵام بداتەوە كە پەیوەندییان لەگەڵ دارایی عێراق چۆنە بۆ ناردنی پارەكە، بەڵام جیاوازی كوردستان و عێراق ئەوەیە كاتێك لە عێراق چەند رۆژێكی كەم مووچە دوادەكەوێت هەرایەكی گەورە دروست دەبێت و وەزارەتی دارایی عێراق دێتە خەت و روونكردنەوە دەدات، لەهەرێم 60 رۆژ مووچە دوادەكەوێت و نابێت باسیش بكرێت.

دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی ئەم مانگەی عێراق، لەكاتێكدایە هێشتا لە هەرێمی كوردستان مووچەی مانگی نیسان دابەش نەكراوە و حكومەتی هەرێم چاوەڕێی ناردنی 320 ملیار دیناری عێراق تا لەگەڵ داهاتی ناوخۆ و نەوت، بەلێبڕینی 18% مووچە دابەش بكات.



PM:12:28:28/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 75084 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت