له‌سه‌ر داوای مه‌سرور بارزانی، په‌رله‌مان دانیشتنێكی تایبەت ساز ده‌كات


وێستگه‌ نیوزـ

په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر داوای مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌نیازه‌ دانیشتنێكی تایبه‌ت ساز بكات و تیایدا وتارێك له‌سه‌ر چه‌ند دۆسیه‌یه‌كی هه‌نوكه‌یی پێشكه‌ش بكات.

به‌پێی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ڕی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، لە سەر داوای مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی تایبەت رێك بخات، کە تێیدا سەرۆکی حکومەت لە سەر جێبەجێکردنی كارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم، رێڕەوی گفتوگۆکان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی، شیکردنەوەی دۆخی دارایی و تەندروستی ئێستای هەرێمی کوردستان و لێکەوتەکانی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، گوتارێك پێشکەش دەکات.

پێشتر سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی و دوو ژنه‌ په‌رله‌مانتاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان داواكارییه‌كیان بۆ پرساندنی سه‌رۆكی حكومه‌ت واژوو كرد و داواكارییه‌كه‌ پێویستی به‌ 23 واژووه‌.

پێشتریش شێركۆ جه‌وده‌ت، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: تا ئێستا 23 په‌رله‌مانتار واژوویان بۆ پرساندنی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیری دارایی كردووه‌ بۆ په‌رله‌مان.

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمیش بۆ سازكردنی ئه‌و دانیشتنه‌ تایبه‌ته‌ و ئاماده‌بونی سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ پێشكه‌ش كردنی وتارێك له‌سه‌ر پرسه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانی هه‌رێم، کۆکردنەوەی واژووکان بۆ پرسانسنی سەرۆکی حکومەت رێژەی یاسایی تێپەڕاندوە.

بەگوێرەی ماددەی 66 بڕگەی دووەم لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆك وەزیران دەتوانێت داوای دانیشتنی پەرلەمان بکات، بۆ ئەوەی روونکردنەوە لە سەر بابەتێك بدات و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانیش دەبێ لە ماوەیەکدا کە لە 14 رۆژ تێپەڕ نەکات، ئەو دانیشتنە رێك بخات.


PM:08:36:26/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 5776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو