میدیاكانی عیراق: فوئاد حسێن په‌یامێكی كازمیی گه‌یاندوه‌ته‌ سه‌ركرده‌كانی ئێران

‌جەواد زەریف و فوئاد حسێن

وێستگه‌ نیوزـ

به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، فوئاد حسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق به‌سه‌ردانێكی دوو رۆژه‌ گه‌یشته‌ تاران و میدیاكانی عیراقیش ده‌ڵێن كه‌ ئه‌و وه‌زیره‌ په‌یامێكی كازمیی بۆ سه‌ركرده‌كانی ئێران پێیه‌.

میدیاكانی ئێران بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ له‌دوای گه‌یشتنی بۆ تاران، فوئاد حسێن چاوی به‌ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، هاوتا ئێرانییه‌كه‌ و حه‌سه‌ن روحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران كه‌وتوه‌.

به‌پێی میدیاكانی ئێران له‌و سه‌ردانه‌یدا كه‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراقه‌ بۆ تاران، فوئاد حسێن ڕاوێژ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ به‌رپرسانی ئێران ده‌كات له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌ی كه‌ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ میانی سه‌ردانه‌كه‌ی مانگی پێشو بۆ تاران ئه‌نجامی دابوو.

به‌ڵام به‌پێی چه‌ند میدیایه‌كی عیراقی، ده‌وترێت كه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ په‌یامێكی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقی بۆ سه‌ركرده‌كانی ئێران پێیه‌ و تیایدا كازمی داوا له‌ ئێران ده‌كات چیتر پشتیوانی له‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق نه‌كه‌ن.


PM:08:03:26/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 3596 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت