تەرمی هونەرمەند عەتا چاوشین كە بەكۆرۆنا گیانی لەدەستدا لە گۆڕەكەی دەرهێندرایەوە
عەتا چاوشین
وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
لەسەر داوای كەسوكاری و وەرگرتنی رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدرەكان، تەرمی هونەرمەند عەتا چاوشین كە بەڤایرۆسی كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد، لە گۆڕەكەی دەرهێنرایەوە و لە گۆڕستانێكی ئاسایی شاری سلێمانی بەخاك سپێردرایەوە.
سێ مانگ لەمەوبەر هونەرمەند عەتا چاوشین، بەڤایرۆسی كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد و لەگۆڕستانی تایبەت بەكۆچكردووانی كۆرۆنا لە شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا، سەردەشت عەزیز، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بەوێستگە نیوزی راگەیاند، پێشتر لیژنەیەك ئەو تەرمانەیان بەخاك دەسپارد بۆ ئەوەی ڤایرۆسەكە بڵاونەبێتەوە، بەڵام تائێستا تەرمەكە بەكەسوكاریان دەدرێتەوە، تائێستاش تەنها كەسوكاری هونەرمەند عەتا چاوشین داوای دەرهێنانەوەی تەرمەكەیان كردووە و ئەگەر ئاسایش رەزامەندی بدات، شارەوانی كێشەی نییە.
سەبارەت بەوەی تائێستا تەرمی چەند كەس هەڵدراوەتەوە، ناوبراو روونیكردەوە، ئەوەندەی ئاگاداربن تائێستا تەنها تەرمی هونەرمەند عەتا چاوشین لەسەر داوای كەسوكاری هەڵدراوەتەوە.
لەلایەكی دیكەوە بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانییەوە بەوێستگە نیوز دراون، وەزارەتی تەندروستی عیراق و رێكخراوی تەندروستی جیهانی بڕیاریان داوە لەمەودوا تەرمی كۆچكردووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بدرێنەوە بەكەسوكاریان، بەڵام بەپێی رێنماییەكانی خۆپارێزی بەخاك بسپێردرێن.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، ماوەیەك لەمەوبەر لیژنەی بەخاكسپاردنی كۆچكردووانی كۆرۆنا هەڵوەشاوەتەوە و تەرمەكان بەكەسوكاریان دەدرێنەوە، بەڵام دەبێت بە رێنماییەكانی خۆپارێزی بەخاك بسپێردرێن، لەو رووەشەوە كەسوكاری ئەو كۆچكردووانە پابەندی رێنماییەكانن.
سەبارەت بەتەرمی ئەو كەسانەشی پێشتر بەكۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و پێدانەوەی بەكەسوكاریان، ئەو سەرچاوەیە روونیكردەوە، تائێستا هیچ بڕیارێكی دیكە لەو بارەیەوە نییە.
هەفتەی رابردووش پرشنگ شێخ رەشید، هاوسەری شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڤایرۆسی كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد، ئەوانیش خۆیان تەرمەكەیان لەگۆڕستانێكی شاری سلێمانی بەخاك سپارد.
AM:11:48:26/09/2020
ئهم بابهته 28184
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت