وڵاتێکی دیکەی عەرەبی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە


وێستگەنیوز-

لەچوارچێوەی هەوڵەکانی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمڕۆ شەممە و بۆیەکەمجار لەمێژوی هەردوو وڵاتەکەدا دەستەی هاوکاری ئیسرائیل-سودان لە خەرتومی پایتەختی سودان راگەیەنرا و بڕیارە لەداهاتویەکی نزیکدا شاندی باڵای هەردولا لە ئۆگەندا کۆببنەوە.

کەناڵی 24 NEWSی فەڕەنسا لەزاری سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لەچەند رۆژی داهاتوودا سودان وەک سێیەم وڵاتی عەرەبی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تەلئەبیب ئاسایی دەکاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەئۆگەندا  لەگەڵ عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکی ئەنجومەنی راگوزەری سیاسی سودان کۆدەبێتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە، سودان بەخێرایی دەخوازێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە، چونکە لە جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوەدا ئەمریکا بەڵێنی پێداوە خەرتوم لەلیستی ئەو وڵاتانە دەربکات کە پشتیوانی تیرۆر دەکەن و سەرجەم سزاکانیش لەسەر سودان هەڵدەوەشێنرێنەوە.

13ی ئابی ئەمساڵ ئیماڕات وەک یەکەم وڵاتی عەرەبی  پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیل ئاسایی کردەوە و دواتریش شانشینی بەحرەین هاتە ناو رێککەوتنەکە، لەئێستاشدا چاوەڕێی ئەوە دەکرێت ژمارەیەک وڵاتی دیکەش هەمان هەنگاو بگرنەبەر.


AM:09:58:26/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 7288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو