وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان: سه‌ربه‌خۆیی پێویستی به‌ ریفراندۆم نه‌بوو


وێستگه‌ نیوزـ

 وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێی وایه‌ كه‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان پێویستی به‌ ریفراندۆم نه‌بوو، راشیگه‌یاند " ئێستاش نازانرێت ئەمە بە چ حیکمەت و پلان و بۆ چ مەبەستێک بوو".

عەدنان عوسمان،  وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان له‌ هه‌ژماری تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر، باسی له‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی ساڵی 2017ی هه‌رێمی كوردستان كردوه‌ و نوسیویه‌تی كه‌ ریفراندۆمه‌كه‌ له‌ كاتێكی هه‌ڵه‌دا كراوه‌ و بێ به‌رنامه‌ش بووه‌.

عه‌دنان عوسمان پێی وایه‌ كه‌ تائێستاش نازانرێت حیكمه‌تی ئه‌م ریفراندۆمه‌ چی بووه‌ و به‌ چ مه‌به‌ستێك بووه‌.

وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌م ده‌قه‌ له‌سه‌ر ریفراندۆم نوسیویه‌تی "لەراستیدا ریفراندۆمی ۲٠۱۷، هەم لە کاتێکی هەڵە، هەم بێبەرنامەو بێئاراستە بو، وردبینیشی تیانەکرابوو. ئێستاش نازانرێت ئەمە بە چ حیکمەت و پلان و بۆ چ مەبەستێک بو؟ سەربەخۆیی پێویستی بەریفراندۆم نەبو، پێویستی بەئیرادەی نوخبەی سیاسی و فەراهەم کردنی پایە راستەقینەکانی دەوڵەتداری بو."

رۆژی 25-9-2017 ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و شاری كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان ئەنجامدرا و بەپێی ئەنجامەكانیش 93%ی دەنگی بەڵێ بوو بۆ سەربەخۆیی، دواتر حكومەت و پەرلەمانی عیراق چەندین بڕیاریان لە دژی هەرێمی كوردستان دەكرد و ئێوارەی رۆژی 29-9-2017 گەشتی نێودەوڵەتی فڕۆكەخانەكانی سلێمانی و هەولێر راگیران. 

لە 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، هێرشی هێزە عیراقییەكان بۆ كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی هەرێم ده‌ستی‌ پێكرد و هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ لە شاری‌ كه‌ركوك و دوزخورماتوو و داقوق کشانەوە و هێزە عیراقییەکان و حەشدی شەعبی ئه‌و ناوچانه‌یان كۆنترۆڵ‌ كرده‌وه‌ و ئاڵای‌ كوردستانیان له‌سه‌ر بینای‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك داگرت و ئاڵای‌ عیراقیان له‌ شوێنی‌ هه‌ڵكرد. 

دواتر و رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ 17ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ مه‌خمور و گوێر و شه‌نگال و سنونێ‌ و باشیك و به‌نداوی موسڵ كشانه‌وه‌ و هێزه‌ عیراقییه‌كان چوونه‌ شوێنیان، هاوكات هێزه‌ عیراقییه‌كان چوونه‌ ناو خانه‌قین و جه‌له‌ولا و ئاڵای‌ عیراقیان له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ش هه‌ڵكرد.

سه‌رله‌به‌یانی رۆژی‌ هه‌ینی‌ 20ی ئۆكتۆبه‌ری 2017،  هێزه‌ عیراقییه‌كان و حه‌شدی شه‌عبی چونه‌ ناو شارۆچكه‌ی پردێ كه‌ له‌ڕووی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ربه‌ پارێزگای كه‌ركوكه‌ و دوا ناوچه‌ی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ بوو كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ پێشمه‌رگه‌دا بوو، به‌وشێوه‌یه‌ش سه‌رجه‌م ناوچه‌ كوردستانییه‌ جێناكۆكه‌كان له‌ ده‌ستی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا نه‌مان و چوونه‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ عیراق.

له‌دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه‌، به‌رپرسانی به‌غدا به‌چه‌ندین جۆر سزای به‌رپرسانی ئیداری و ئه‌منیی پێشوی كه‌ركوكیان داوه‌ و له‌ پۆسته‌ ئیدارییه‌كان لایان بردون و به‌رپرسی عه‌ره‌ب و توركمانیان خستوه‌ته‌ شوێنه‌كانیان، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی چه‌ندین جار فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان بۆ هه‌ندێك له‌و به‌رپرسانه‌ ده‌ركردوه‌.


PM:11:36:23/09/2020




ئه‌م بابه‌ته 2532 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو