بافڵ تاڵەبانی: ناکرێت مەترسی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لەبەرچاو نەگیرێت

‌بافڵ تاڵه‌بانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

وێستگه‌ نیوزـ

بافڵ تاڵه‌بانی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ یادی روداوی خێڵی حه‌مه‌ كه‌ ساڵی 2001 رویدا، جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ " ناکرێت مەترسی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لەبەرچاو نەگیرێت"، ده‌شڵێت "ھەموو ھەوڵێکمان بۆ سەقامگیری سیاسی و ئارامی و پاراستنی ھەرێمەکەمانە".

بافڵ تاڵه‌بانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان له‌یادی 19 ساڵ تێپه‌ڕبون به‌سه‌ر ئه‌و روداوه‌دا له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك نوسیویه‌تی "یەکێتی وەک لایەنی سەرەکی و یەکەمی قوربانی دەستی تیرۆر و شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ھەمیشە لەبەرەی پێشەوەی دژ بە تاریک پەرستان و دوژمنانی ئازادی بووە، لەداھاتووشدا بەردەوام دەبین و ھەموو ھەوڵێکمان بۆ سەقامگیری سیاسی و ئارامی و پاراستنی ھەرێمەکەمانە".

هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ "ناکرێت مەترسی سەرھەڵدانەوەی تیرۆر و خۆڕێکخستنەوەیان لەبەرچاو نەگیرێت چونکە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەبێ یەکڕیزی نابێت و تا کۆتاییھێنان بە رەگ و ریشەی بیری توندڕەویی، تیرۆر بەردەوام دەبێت. "

روداوی خێڵی حەمە، بریتی بوو لە ھێرشێکی گرووپی ئەنسارولئیسلام بۆ سەر گوندی خێڵی حەمە لە 23ی ئەیلولی ساڵی 2001 کە دەکاتە 12 ڕۆژ پاش ھێرشەکانی 11ی سێپتێمبەری سه‌ر تاوه‌ره‌ بازرگانییه‌كانی ئه‌مریكا.

لەو هێرشه‌دا چەکدارانی ئەنسارولئیسلام ھێرشێکی لەناکاویان کردە سەر گوندەکە کە ئەوکاتە لەژێر دەسەڵاتی ھێزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بوو و 43 پێشمەرگەی یەکێتی شەهید کران و تەرمی ھەندێکیان شێواندن ئەویش بە سەربڕین و دەرھێنانی چاو و بڕینی قوڕگ و زمان و لووت و گوێچکەیان.

هێرشه‌كه‌ لە کاتژمێر سێی پاش نیوەڕ ڕوویدا و چەکدارانی ئەنسارولئیسلام لە سێ لاوە ھێرشیان کردە سەر ئەو ھێزانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لەو گوندە جێگیرکرابوون، لەبەرئەوەی پێشمەرگەکانی یەکێتی پێشبینیی ھێرشێکی لەناکاوی ئەنسارولئیسلامیان نەکردبوو، چەکدارانی ئەنسار گورزێکی کوشندەیان وەشاند، دوای سێ کاتژمێر شەڕ، 15 چەکداری ئەنسارولئیسلام کوژران و لە 43 پێشمەرگەی یەکێتیش پاش شەهیدکردنی ھەندێکیان، ئەوانی تر بەدیل گیران و بەشێوەیەکی نامرۆییانە بە چەقۆ و تەوراس و گولـلە شەھیدکران و دواتر دەستگیرا بەسەر گوندەکەدا.

لەدوای 24 کاتژمێر مانەوەی ئەنسارولئیسلام لە خێڵی حەمە و زیندانبوونی دانیشتووانی گوندەکە لە ماڵەکانی خۆیاندا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھێرشیکردە سەر گوندی خێڵی حەمە و چەکدارەکانی ئەنسارولئیسلام ھەڵھاتن.

ده‌قی نوسینه‌كه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان:

نۆزدە ساڵ بەسەر کارەساتی خێڵی حەمە تێپەر دەبێت و لە رۆژێكی وەكو ئەمرۆدا لە ٢٣ی ئەیلولی ساڵی ٢٠٠١ دا  دوژمنانی رووناكی و ئارامی و ئاسایش بێگوێدانە بەھاکانی مرۆڤایەتی، تیرۆرستانی جندالاسلام و انصار الاسلام دەستی رەشی تیرۆریان گەیاندنە گوندی خێڵی حەمە و بە شێوەیەكی دڕندانە و نامرۆڤانە ٤٣ پێشمەرگەی ی.ن.ك-یان لە ناوچەی شارەزوور بەدیلی شەهید كرد‌ و دواتر تەرمەکانیان شێواندن.

لە كاتێكدا یادی ئەو کارەساتە دەكەینەوە وەك سەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆمان بە قەرزاری خوێنی شەھیدان دەزانین و سەری رێز لە ئاست گەورەیی ئەو شەھیدانە و شەھیدانی شەڕی تیرۆر و سەرجەم شەھیدانی كوردستان دادەنەوێنین.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان !

یەکێتی وەک لایەنی سەرەکی و یەکەمی قوربانی دەستی تیرۆر و شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ھەمیشە لەبەرەی پێشەوەی دژ بە تاریک پەرستان و دوژمنانی ئازادی بووە، یەکێتی یەکەم ھێزی کوردستان و عێراق-یش بوو لەدژی تیرۆر وەستایەوە لە خانەقین تا مەخمور و لە رۆژئاوا و کۆبانیش هێزی پێشمەرگەو  دژەتیرۆر و ھێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ رووبەڕووی داعش بونەوە و بەسەریاندا زاڵبوون و سەدان شەھیدیشمان بەخشی بەکوردستان، لەداھاتووشدا بەردەوام دەبین و ھەموو ھەوڵێکمان بۆ سەقامگیری سیاسی و ئارامی و پاراستنی ھەرێمەکەمانە چونکە ناکرێت مەترسی سەرھەڵدانەوەی تیرۆر و خۆڕێکخستنەوەیان لەبەرچاو نەگیرێت چونکە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەبێ یەکڕیزی نابێت و تا کۆتاییھێنان بە رەگ و ریشەی بیری توندڕەویی، تیرۆر بەردەوام دەبێت.

بۆئەوەش پێویستی بەردەوامی و ھەماھەنگی زیاتری ھەمەلایەنەی نێوان ھێزەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ھاوپەیمانان دووپاتدەکەینەوە و بەپشتیوانی خەڵکی خۆمان کوردستانەکەمان دەپارێزین و مەرامی ناحەزان و تیرۆریستان لەگۆڕدەنێین و کار بۆ کوردستانێکی ئاوەدانترو ئارامتر دەکەین.

 لەمڕۆژەدا بە پێویستیشی دەزانین ھەموولایەک دڵنیابکەینەوە كە گوزەرانی خانەوادەی شەھیدان بە ئەولەویەتی كارەكانمان دادەنێین و بەردەوام دەبین لە ھەوڵەكانمان بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانیان و خزمەتکردنی زیاتریان.

دووبارە سەری رێزو نەوازش لەسەر کێلی سەربەزی شەھیدانی کارەساتی خێڵی حەمەو شەھیدانی کوردستان دادەنەوێنین و رێزی بێ پایانمان بۆ کەسوکارە سەربەرزەکانیان.

سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان


PM:10:39:23/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 2100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو