ئه‌لمۆنیته‌ر: كه‌س نازانێت ئه‌رشیفه‌ گه‌ڕاوه‌كانی به‌عس له‌ كوێ دانراون

‌مستەفا کازمی لەپاڵ ئەرشیفەکانی بەعسدا، 17 ساڵ لەمەوبەر

وێستگه‌ نیوزـ

ماڵپه‌ڕی ئه‌لمۆنیته‌ری ئه‌مریكا ئاشكرایكرد، كه‌س شوێنی ئه‌و ئه‌رشیفانه‌ نازانێت كه‌ تایبه‌تن به‌ حزبی به‌عس و ئه‌مریكا بۆ عیراقی گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌.

راپۆرته‌كه‌ عومه‌ر جه‌فال-ی نوسه‌ر ئاماده‌ی كردوه‌ و له‌زاری هیشام داود، دیارترین راوێژكاری مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی حكومه‌تی عیراق بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ دوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌رشیفه‌كانی حزبی به‌عس بۆ عیراق، ئێستا كه‌س نازانێت ئه‌و شه‌رشیفانه‌ له‌ عیراقدا له‌ كوێ دانراوه‌.

هیشام داود وتویه‌تی "به‌داخه‌وه‌ هیچ زیانیارییه‌كم له‌سه‌ر شوێنی هه‌ڵگرتن و پاراستنی ئه‌و دۆسیانه‌ نییه‌".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌ك كه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌دا ناوی نه‌هاتوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ كه‌ له‌ناو ئه‌رشیفه‌كانی به‌عسدا ناوی چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كی ئایینی شیعه‌ هاتوه‌ و له‌وانه‌شه‌ ناوی چه‌ند سیاسه‌تمه‌تدارێك یان كه‌سانێكی تێدا بێت كه‌ ئێستا له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عیراقدان و ئه‌و كاته‌ش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ حزبی به‌عسی روخاودا هه‌بوه‌.

هاوكات ماڵپه‌ڕه‌كه‌ له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی نزیك له‌ نوسینگه‌ی كازمی بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ته‌لارێك له‌ بواری بنیادناندایه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ی به‌له‌دیات له‌ خۆرهه‌ڵاتی به‌غدا و پێده‌چێت ئه‌رشیفه‌كانی به‌عس له‌وێدا هه‌ڵبگیرێن، به‌ڵام تائێستا هیچ شتێكی به‌ته‌واوی روون نییه‌.

لە دوای سەردانەکەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ ئەمریکا، بەرپرسانی واشنتن ملیۆنان بەڵگەنامە و ئەرشیفی حزبی بەعسیان بۆ عیراق گەڕاندەوە کە لەکاتی پرۆسەی ئازادیی عیراقدا دەستیان بەسەردا گرتبوو و بردبویانە ئەمریکا.


PM:09:04:23/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 3240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت