بەریتانیا ئەو پەناخوازانە بە زۆر دەنێرێتەوە کە مافی پەنابەرێتیان رەتکراوەتەوە

‌پەنابەرانی کورد لە ئەوروپا.. فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ
بەپێی‌ بڕیارێکی‌ وەزارەتی‌ ناوخۆی‌ بەریتانیا، هەزاران پەناخوازی‌ ئەو وڵاتە کە داواکاری مافی پەنابەرێتییان رەتکراوەتەوە دەبێت لە ماوەی‌ 21 رۆژدا ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن، ئەوەش نیگەرانی رێکخراوە مرۆییەکانی بەدوای خۆی هێنا.


بەپێی رۆژنامەی زە گاردیان، لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی‌ ناوخۆی‌ بەریتانیا رایگەیاندووە، دەستدەکەن بە ناردنەوەی‌ ئەوانەی‌ کە داوای‌ مافی‌ پەنابەرێتیان کردووە و داواکەیان رەتکراوەتەوە.

لە دوو مانگی رابردوودا، شەپۆلێکی گەورەی‌ کۆچبەران لە فەڕەنساوە و بە رێگەی ئاوی نۆکەندی ئینگلیزی خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، بە شێوەیەک تەنها لە مانگی ئابدا، زیاتر لە هەزار و 500 کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.

هاوکات رێکخراوە خێرخوازییە مرۆییەکان باس لەوە دەکەن کە ژمارەی‌ ئەو پەنابەرانەی‌ کە لە ناوەندی‌ گلدانەوەی‌ پەنابەران هێڵراونەتەوە رووی‌ لە زیادبوون کردووە.

ئەو پەناخوازانە کە داواکاری پەنابەرێتییان رەتدەکرێتەوە مافی‌ تانەدانییان نییە و دەبێت لەماوەی‌ 21 رۆژدا ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێت، وادەکەش لەم هەفتەیەوە دیاری کراوە.

رۆژنامەی‌ زە گاردیانیش ئەوەی‌ بڵاو کردووەتەوە، نازانرێت بڕیارەکەی‌ وەزارەتی‌ ناوخۆ ئەو پەناخوازانەش دەگرێتەوە کە لە هۆتێلەکاندا و لەسەر خەرجی‌ خۆیان ماونەتەوە یاخود تەنها ئەوانە دەگرێتەوە کە لەو هۆتێلانە ماونەتەوە کە وەزارەتی‌ ناوخۆی‌ خەرجیەکانیانی‌ گرتووەتە ئەستۆ.

رۆژنامەکە باسی‌ لەوەش کردووە، نیوە زیاتری‌ ئەو کەسانەی‌ کە حکومەت مافی‌ مانەوەی‌ کاتی‌ پێبەخشیوون لەگەڵ داخستنی‌ سنورەکانی‌ وڵات بەهۆی‌ بڵاوبوونەوەی‌ پەتاکەوە لە پەناخوازان بوون.

وتەبێژی‌ وەزارەتی‌ ناوخۆش دەڵێت، دەستیانکردووە بە راگرتنی‌ پاڵپشتی‌ ئەوانەی‌ داوای‌ مافی‌ پەنابەرێتی‌ دەکەن، ئەوەش بەئامانجی‌ کەمکردنەوەی‌ خواست لەسەر مافی‌ پەنابەرێتی‌، لە سەرەتاشەوە ئەوان وتوویانە ئەو رێوشوێنانە کاتین و لەگەڵ چارەسەربوونی‌ دۆخی‌ پەتاکەدا کۆتایی‌ پێدەهێنن.

هــ. ر


PM:03:49:23/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 5072 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو