حكومه‌ت لیستی نوێی دابه‌شكردنی مووچه‌ راده‌گه‌یه‌نێت


وێستگه‌ نیوز ـ

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لیستی نوێی دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران راده‌گه‌یه‌نێت، به‌پێی قسه‌ی ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی داراییش زانیاری له‌ باره‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی بڕی لێبڕینه‌كه‌ ئاشكرا ده‌كات.


جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لێبڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی ئەو پارەیە دەبێت کە لەبەردەستی حکومەتدایە، رەنگە لە مانگێکەوە بۆ مانگێکی دیکە زیاد و کەمی هەبێت، هیوامان بەوە هەیە کە بەرەو باشتر بڕوات و حکومەتیش چیدی ناچار نەبێت پەنا بۆ لێبڕینی مووچە ببات".
 
عیراق ئێستا مانگانە 320 ملیار دینار وەک شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، عیراق 42.6٪ی مووچەی هەرێمی کوردستان دابین دەکات و بەشەکەی دیکە حکومەتی هەرێمی کورستان 57.3٪ی مووچەکە خۆی دابینی دەکات.
 
کۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە لێبڕینەوە 706 ملیار و 187 ملیۆن و 320 هەزار دینارە. ئەگەریش بەبێ لێبڕین بێت پێویستی بە 895 ملیار دینارە.
 
مووچەی مانگەکانی شوبات و ئادار بە لێبڕینی 21% دابەشکران، بڕیارە مووچەی چەند مانگی داهاتووش هەر بەمشێوەیە بێت.
 
هێڤیدار ئەحمەد، جێگری‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ی‌ دارایی‌ و كاروباری‌ ئابووری‌ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: هەفتەی داهاتوو حکومەت لیستی نوێی مووچە رادەگەیه‌نێت. حکومەت داهاتی ئامادەکردووە و ئەوەی عیراقیش دێت.
 
بۆ دەستكردن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ‏چاوەڕێی 320 ملیار دیناری مانگانەی بەغدا دەكات.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عیراق بە رووداوی رایگەیاندووه‌، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 24ی ئه‌یلولی 2020، لەگەڵ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عیراقدا، 320 ملیار دینارەکەی ھەرێمی کوردستانیش خەرجبکرێت.
 
سەرکۆ ئازاد گه‌ڵاڵی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بەپێی ئەو لیستەی بۆ دابەشکردنی مووچە دانراوە، دوای دابەشکردنی دوو وەزارەتی حکومەتی عیراق دەست بەدابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن حکومەتی عیراقەوە پارەکە دێت.
 
سەبارەت بەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 300 ملیاری داهاتی لەبەردەستە و 320 ملیار دیناریشی لەلایەن عیراقەوە بۆ دێت، ئایا دابەشکردنی مووچە بە لێبڕینی 21% دەبێت، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی وتی: "وەزارەتی دارایی لەگەڵ گەنجینەکان کۆبووەتەوە و ئەمجارەش هەر بە لێبڕینەوە دابەشدەکرێت، بەڵام جیاواز دەبێت لە هی مانگی رابردوو".
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا: "ئەگەر کەسێک مووچەکەی ملیۆنێک بووایە تەنیا 790 هەزاری وەردەگرت، بەڵام لەم رێنماییە تازەیەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەریکردووە لەناو قایمەی مووچەی ئەم مانگە لێبڕینی 21%ی مووچەکە نامێنێت".


PM:01:25:23/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 62152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت