هۆكاری ناردنی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2020 بۆ په‌رله‌مان ئاشكرا ده‌كرێت


وێستگه‌ نیوز ـ

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، رایده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2020 بۆ سێ مانگی كۆتایی ئه‌مساڵه‌ و پشكی هه‌رێمی كوردستانیش چه‌سپێندراون تیایدا.

رۆژی دووشەممه‌ 13ی ئه‌یلولی 2020، ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی 2020ی عیراقی پەسه‌ند كرد و رەوانەی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقی كرد بۆ تاوتوێكردن و پەسه‌ندكردنی.

ئەحمەد مولا تەڵاڵ، وتەبێژ بەناوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە تویتێك نووسیویەتی، بە مەبەستی رێكخستنی پرۆسەی خەرجكردن و دابینكردنی خەرجییە پێویستەكان بۆ سێ مانگی داهاتووی ئەمساڵ، وەك پابەندی حكومەت بە بڕیاری پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عیراقی بۆ 2020 پەسه‌ند كرد و رەوانەی پەرلەمانی كرد.

هاوكات جه‌مال كۆچه‌ر، ئەندامی لیژنەی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند: پشكی هەرێمی كوردستان لە رەشنووسی بودجەی 2020 باشە و هەنگاوێكە بەرەو سەقامگیریی په‌یوەندییەكانی هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان.

جەمال كۆچەر، وتیشی: "ناردنی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2020 بۆ په‌رله‌مان كه‌ ساڵه‌كه‌ سێ مانگی ماوه‌، سێ مه‌رامی له‌ پشته‌وه‌یه‌، یه‌كه‌م داخوازی قه‌رزكردن كه‌ ده‌یه‌وێت یاسایه‌ك پاڵپشتی بكات، دووه‌م هه‌ندێك به‌ڵێن به‌ خه‌ڵك دراوه‌ بۆ دامه‌زراندن له‌م ساڵدا نابێت هه‌ر نووسینی سه‌ر كاغه‌ز بێت، بەڵکو دەیەوێت پاڵپشتییەکی یاسایی هەبێت".  

هەرچی مەرامی سێیەمی پڕۆژەکەیە جەمال کۆچەر پێی وابوو کە حکومەت نایەوێت ساڵێكی حكومه‌ته‌كه‌ی به‌بێ هیچ هۆكارێك یاسای بودجه‌ی تیادا نه‌بێت.

هاوكات شیروان میرزا، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2020، بڕه‌كه‌ی 146 ترلیۆن دیناره‌، له‌گه‌ڵ كورتهێنانی 71 ترلیۆن دینار، پشكی هه‌رێمیش تیایدا به‌ سه‌دا 12.67 دانراوه‌.

وتیشی: "تاكه‌ ئامانج له‌ ناردنی پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2020، بۆ ئه‌وه‌یه‌ ره‌وایه‌تی بدات به‌ وه‌رگرتنی قه‌رز له‌ لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵیه‌وه‌.
 


PM:06:24:15/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 3212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت