بڕیار له‌سه‌ر بودجه‌و مووچەی سێ ساڵی داهاتووی عیراق و هەرێم ده‌درێت


وێستگه‌ نیوز ـ
سەرۆكی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا رایگه‌یاندووه‌، تا كۆتایی مانگی ئەیلوول كارەكانی ستراتیجی بودجەی سێ‌ ساڵی داهاتووی عیراق كۆتایی دێت.


زاگرۆس فەتاح، بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك بڵاوی كردووەتەوە، كه‌ لیژنەیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدان بۆ بەشداریكردن لە لیژنەی باڵای دانان و رێكخستنی بنەما ستراتیجییەكانی بودجەی عیراق بۆ ماوەی سێ ساڵ بۆ 2021 و 2022 و 2023.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، مەبەستی ئەم سەردانە بۆ دانانی بنەمای ستراتیجیی بودجەی عیراقە، لە ناویشیدا بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها وەگەڕخستنەوەی پڕۆژەی چاكسازی كارگێڕی و دارایی عیراق.

زاگرۆس فەتاح ده‌ڵێت، گرنگیی ئەم لیژنە هاوبەشە لەوەدایە كە خەمڵاندن بۆ بودجەی سێ ساڵی عیراقی فیدراڵ دەكرێت و بنەمای خواست و پێویستییەكانی سێكتەرەكان دەستنیشان دەكرێت، ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی تیادا دەچەسپێنرێت.

سەرۆكی لیژنەكە ئاشكراشی كردووە، بەشداریكردنی هەرێمی كوردستان لەم لیژنەیەدا دوای ئەوە دێت كە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی عیراقی فیدراڵ، لەسەر بنەمای یاسای دارایی عیراق دەبێت بودجەی سێ‌ ساڵ ئامادە بكات و بانگهێشتی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ بەشداریكردن لە دانانی بنەما ستراتیجییەكانی بودجەی عیراق و كوردستان.

ئاشكراشیكردووه‌، كۆبوونەوەكان ئەمڕۆ دەستپێدەكەن بە بەشداری شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بڕیارە كۆتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ كارەكانی بە كۆتا بێت.

هــ. ر

 


AM:09:43:31/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 5464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو