چی بەسەر ئەو کۆچبەرانەدا دێت کە دەگەنە بەریتانیا؟

‌لە مانگی ئابدا، زیاتر لە 700 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزییەوە خۆیان گەیاندووە بەریتانیا



سەرچاوە: بی بی سی

ڕۆژی 19ی ئەم مانگە (ئابی 2020)، تەرمی کوڕێکی 16 ساڵی سودانی لە کەنارئاوەکانی فەڕەنسا دۆزرایەوە کە لەهەوڵدابوو لە ڕێگەى نۆکەندی ئینگلیزییەوە (English Channel) خۆی بگەیەنێتە بەریتانیا، ئەوەش نوێترین کارەساتەکانی ڕێگای کۆچی بوو بۆ بەریتانیا، ئەو کارەساتە مشتومڕی زۆری دروستکرد لەسەر ڕێگای تێپەڕبوون بە نۆکەندی ئینگلیزی کە کەوتووەتە نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا و تاکە ڕێگای ئەوانە بۆئەوەى ناوچەى کاڵێی فەڕەنسا بەجێبهێڵن و دەربازی بەریتانیا بن.

چالاکان داوا دەکەن ڕێگایەکی سەلامەتتر و یاسایی بۆ کۆچبەران فەراهەمبکرێت، هاوکات جەخت لە سزادانی قاچاخچییەکانیش دەکەنەوە کە بەبێ هیچ مەرجێکی سەلامەتی کۆچبەران دەخەنە ڕێگای مەرگەوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، تەنها لە مانگی ئابدا، زیاتر لە 700 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزییەوە خۆیان گەیاندووە بەریتانیا، ئەوە جگە لەوەى نزیکەى هەزار کۆچبەریش لەلایەن هێزەکانی فەڕەنساوە ڕێگرییان لێکراوە دەربازی ئاوەکە ببن.
هەفتەى پێشوو بۆریۆس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، دەکرێت گۆڕانکاری لە یاساکانی پەنابەرێتی بکرێت بۆئەوەى ڕێگری لە کۆچبەران بکرێت بە نۆکەندی ئینگلیزیدا تێپەڕبن.
ئەى کەواتە ئەو یاسایانە چین و چی بەسەر کۆچبەردا دێت کاتێک دەگەنە بەریتانیا؟


چی بەسەر کۆچبەراندا دێت لە نۆکەندی ئینگلیزیدا؟
ئەگەر کۆچبەران لە ئاوی نیشتمانی بەریتانیادا دۆزرانەوە، ئەوە بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەبرێن بۆ بەندەرەکانی بەریتانیا. بەڵام ئەگەر لە ئاوە نیودەوڵەتییەکاندا بوون، ئەوە بەریتانیا لەگەڵ بەرپرسانی فەڕەنسا هەماهەنگی دەکات بۆ ئەوەى بڕیار بدەن لەسەر چارەنوسیان کە بۆ کوێ دەبرێن، لەگەڵ ئەوەشدا هەر وڵاتێک ناوچەی گەڕان و ڕزگارکردنی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەهۆی کەمی و کورتی درێژی نۆکەندی ئینگلیزی لە نێوان دۆڤەر لە بەریتانیا و کاڵێ لە فەڕەنسا، ئاوی نێودەوڵەتی ناکەوێتە نێوانیان، بۆیە هەرکاتێک کۆچبەران لە ئاوەکانی بەریتانیادا گیران و دەستبەسەرکران، ئەوە بە شێوەیەکی کاتی دەبرێنە ناوەندەکانی پێشوازیکردن لەو وڵاتە.

ئایا دەکرێت ئەوان بنێردرێنەوە بۆ فەڕەنسا؟

بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، خەڵکی دەتوانێت داوای مافی پەنابەری لە هەر وڵاتێک بکات کە پێی دەگات، بەڵام هیچ شتێک نییە ئەوان ناچار بکات داوای مافی پەنابەرێتی لە یەکەم وڵاتی سەلامەت و سەقامگیر بکەن کە پێی دەگەن، زۆربەى کۆچبەرانی کورد سەرەتا دەگەنە یۆنان.

بەڵام بەپێی ڕێککەوتننامەى دوبل لە نێوان وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، ئەندامانی یەکێتییەکە ئازادن لەوەى کۆچبەر بگەڕێننەوە بۆ ئەو وڵاتە سەلامەتەى یەکێتی ئەوروپا کە سەرەتا پێی گەشتوون.

داغڵبوون و گەیشتن بە یەکەم وڵاتی ئەوروپی لەڕێگەی زانیاری پەنجەمۆر یاخود بەڵگەنامەى پێشکەشکردنی مافی پەنابەرێتییەوە دەزانرێت.

لە مانگی کانونی دووەمی 2019ەوە، نزیکەى 155 کۆچبەر کە نۆکەندی ئینگلیزییان تێپەڕاندووە گەڕێنراونەتەوە بۆ وڵاتانی تری ئەوروپا. بەمدواییە، پریتی پاتێڵ، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا وتی کە 166 کۆچبەری تر ئامادەکراون بۆ ناردنەوە، هەروەها بەرپرسانی بەریتانیا داوا لە وڵاتانی تری یەکێتی ئەوروپا دەکەن کە 600 کۆچبەری تر وەربگرن.
بەڵام لە 3ی کانونی یەکەمی ئەمساڵەوە بەهۆی جێبەجێکردنی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، چیتر ئەو وڵاتە ناتوانێت ڕێککەوتننامەى دوبلن بەکاربهێنێت بۆ ناردنەوەى کۆچبەران، بۆیە ئەگەر بەریتانیا بیەوێت کۆچبەری زیاتر بنێرێتەوە، پێویستە ڕێککەوتن و دانوستانی نوێ لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا یاخود بە تەنها لەگەڵ وڵاتانی ئەندام ئەنجام بدات.

یاسا و ڕێساکانی داواکردنی مافی پەنابەری لە بەریتانیا چین؟

زۆربەى ئەو کۆچبەرانەى نۆکەندی ئینگلیزی تێدەپەڕێنن یەکسەر داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن لە بەریتانیا، ئەوان هیوادەخوازن مافی پەنابەرێتی بەدەستبهێنن، واتە بتوانن بە ئازادی لەوێ بمێننەوە  نیشتەجێ ببن.
بۆ ئەو کارەش، پێویستە ئەوە بسەلمێنن کە چیتر ناتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکەى خۆیان بەهۆی چەوسانەوەى ڕەگەزی، ئاینی، نەتەوەیی یاخود بیرکردنەوەى سیاسی و جێندەری یان مەیلی سێکسی.

ئەو کەسانە دەتوانن دایک و باوکی خۆیان یاخود منداڵی خوار 18 ساڵ لە داواکارییەکەیاندا بنوسن ئەگەر ئەوانیش لە بەریتانیا بوون. بڕیاردانیش لەوەى ئایا داواکارییەکەى گونجاوە بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی یاخود نا، ئەوە لە دەستی ئەو کەسەیە کە کار لەسەر کەیسەکەى دەکات. 

ئەوان لێکۆڵینەوە و وردەکاری لە چەند شتێکدا دەکەن، وەک وڵاتی ڕەسەنی پەناخواز یاخود بەڵگەیەک کە جیاکاری دژی ئەو کەسە کرابێت لە وڵاتەکەى خۆی.

ئەوەش پێویستە لە ماوەى شەش مانگدا ئەنجام بدرێت، هەرچەندە زۆربەى پەناخوازان زیاتر لەوە چاوەڕێ دەکەن.

پەناخوازان چ جۆرە هاوکارییەکی دارایی وەردەگرن؟

لە ماوەى ڕاییکردنی مامەڵەى داواکاری مافی پەنابەرێتی، حکومەت خانوو و هەندێک پارەی کەم دەدات بە پەناخوازان، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات ئیش بکەن.

زۆربەى پەناخوازان مافی هەڵبژاردنی شوێنی نیشتەجێبوونیان نییە، دەبێت لەو شوێنە بژین کە حکومەت دیاری دەکات، هەروەها زۆرجار بەهۆی نەبوونی خانوو، دەبێت لە شوێنێکی وەک بەشەناوخۆییدا بژین. پێشتر دەیان ڕێکخراوی مرۆیی بواری کۆچکردن ڕەخنەى لە خراپی شوێنی نیشتەجێبوونی کۆچبەرانیان گرتووە.

هەر پەناخوازێک هەفتانە تەنها 37.75 پاوەند وەردەگرێت، بەڵام پارەکە بۆ هەندێک چینی وەک منداڵ و ژنی دووگیان کەمێک زیاد دەکرێت.

ئەو پەناخوازانەى داواکاری مافی پەنابەرێتییان پێشکەش کردووە سودمەند دەبن لە خزمەتگوزاری تەندروستی و منداڵەکانیشیان دەبێت بچنە قوتابخانەوە.

چی دەبێت ئەگەر داواکارییەکە سەرکەوتوو بوو؟
ئەگەر کەسێک مافی پەنابەرێتی بەدەستبهێنێت، ئەوە خۆی و ئەوانەشی لە کەیسەکەیدا بن دەتوانن بۆ ماوەى پینج ساڵ لە بەریتانیا بمێننەوە. دوای ئەو پێنج ساڵەش، دەتوانن داوای مافی مانەوەی هەتاهەتایی بکەن.
ئەگەر پەناخواز شمولی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی نەکرد، ئەوە دەتوانێت داوای مۆڵەتی مانەوە بکات بە هۆکارێکی مرۆری، واتە بیسەلێمێنت لە وڵاتەکەى خۆی لەژێر هەڕەشەیەکی جدیدایە وەک:
-سزای لەسێدارەدان
-کوشتنی نایاسایی
-ئەشکەنجەدان یاخود مامەڵەیەکی نامرۆڤانە
-هەڕەشە لەسەر ژیانی مرۆڤ هەبێت بەهۆی ناکۆکی چەکداری لە وڵاتەکەى خۆی

ئەو ئەندام خێزانانەی کە لە بەریتانیاش نین دەتوانن پەیوەندی بکەن بە داواکاری ئەو کەسە بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی یاخود پاراستنی مرۆیی.

هەروەها پەناخوازان دەتوانن بە چەند هۆکارێکی تر لە بەریتانیا بمێننەوە، بۆ نمونە، ئەگەر ئەوان کۆچبەرێکی خوار تەمەن 18 ساڵ بوون و هیچ کەسێکی لەگەڵ نەبوو، یاخود قوربانی بازرگانیکردن بە مافی مرۆڤەوە بوو، بەڵام ئەوەى چەند دەمێننەوە پەیوەندی بە جۆری کەیسەکەیەوە هەیە.

لە ساڵی 2019دا، زیاتر لە 44 هەزار کەس داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە لە بەریتانیا، نزیکەى 19 هەزار و 500 کەسیان مافی پەنابەرێتی یاخود پاراستنی مرۆیان دراوەتێ، واتە کەیسی نزیکەى 25 هەزار کەسیان ڕەتکراوەتەوە.

ئەى ئەگەر داواکاری مافی پەنابەرێتییان ڕەتکرایەوە؟
ئەگەر حکومەتی بەریتانیا مافی پەنابەرێتی یاخود پاراستنی مرۆیی نەدا بە پەناخوازان، ئەو داوا لەو کەسە دەکرێت ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێت، جا بە خۆبەخشانە بێت یان بە زۆر.

ئەوان دەتوانن تانە لە بڕیارەکە بدەن، بەڵام تەنها تەماشای سێ بەشی تانەکان دەکرێت. ئەو پەناخوازانە هاوکاری یاسایی وەردەگرن بۆ پێشکەشکردنی تانەکەیان کە لەوانەیە چەند ساڵێک بخایەنێت، بەڵام هەر پارەی هەفتانە و شوێنی نیشتەجێبوونیان پێ دەدرێت.


PM:04:54:30/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 4016 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو