بەهۆی دروستبوونی گرژی لەگەڵ پەکەکە، هێزێکی عێراق گەیشتە قەزای سۆران

‌فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگەنیوز-

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە قەزای سۆران رایگەیاند، دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزی پاسوانی سنورەکان لە سنوری گوندی بەردەزین ویستویانە بازگەیەک دروستبکەن، پەکەکە دانانی بازگەی لەو سنورە رەتکردوەتەوە  وبەوهۆیەش گرژی دروستبووە، لە ئێستاشدا سەرەڕایی ئەوەی کێشەکە کۆتایی هاتوە بەڵام هێزێکی زۆری پاسەوانی سنور گەیشتوەتە سنوری برادۆست.

سەرچاوەیەکی رۆژنامەنوسی ئاگادار لە لە قەزای سۆران بە وێستگەنیوزی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزی پاسەوانی سنوری عێراق بە ئامانجی دروستکردنی بازگەیەکی چاودێری لە گوندی بەردەزین لە سنوری برادۆست و سنوری ناحیەی سیدەکان جوڵەیان پێکراوە، هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ش سەرەڕایی نیگەرانیان لەهاتنی ئەو هێزە، هاوکات دروستکردنی بازگەشیان لەو سنورەدا رەتکردوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی پێداگری هەردوولا لەسەر داخوازییەکانیان، گرژی لە نێوان هێزێکی پەکەکە و هێزەکەی پاسەوانی سنوری عێراق دروست بووە، بەهۆیەش هاوڵاتییەکی گوندی بەردەزین کە پیشەی شوانە لە ئەنجامی گرژییەکان بریندار بووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕو، لە ئێستادا گرژییەکان کۆتاییان هاتوە، بەڵام هێزێکی زۆری پاسەوانی سنوری کە فەرمانی جوڵەیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پێدەکرێت، رەوانەی سنوری برادۆست کراوە و بەرپرسانی پارێزگای هەولێر و  قەزای سۆرانیش لەسەر ئەو پرسە تائێستا هیچ رونکردنەوەیان بڵاونەکردوەتەوە.


PM:12:12:11/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 5048 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو