گۆڕان: بەهیچ شێوەیەک ناکرێ لە قاچاخی خاڵە سنورییەکان بێدەنگ بین


وێستگەنیوز-
سکرتێری جڤاتی نیشتیماتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، پرسی بوونی نوسینگەی "قاچاخی خاڵە سنورییەکان" کە سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان باسی کردوە، سەرەتایەکە بۆ فەرهودێکی رێکخراوانەو ئاشکرایانەی داهاتی نیشتیمان و برابەشکردنی لە نێوان دەسەڵاتداراندا و بەهیچ شێوەیەک ناکرێت لەسەر ئەو پرسە بێدەنگ بن.

عەدنان عوسمان، سکرتێری جڤاتی نیشتیماتی بزوتنەوەی گۆڕان لەپەرەی فەرمی خۆی لە تویتەر لەگەڵ هاوپێچکردنی پەیامێکی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان نوسیویەتی، "ئەمە زەنگێکی مەترسیداری گەورەیە. ئەمە سەرەتایەکە بۆ فەرهودێکی رێکخراوانەو ئاشکرایانەی داهاتی نیشتیمان و برابەشکردنی لە نێوان دەسەڵاتداراندا. بەردەوامی ئەمەو چارەسەرنەکردنی، ئاماژەیە بۆ نەبونی ئیرادەو بونی پاڵپشت وپشتگیریش.بەهیچ شێوەیەک ناکرێ بێدەنگ بین. ئەمە خاڵی یەکلاکەرەوەیە".

دوێنێ عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "ئەوەی ئێستا لە کوردستان دەکرێت لە 1991 یش نەبوە، بە ئاشکرا لە بازاڕدا نوسینگەی قاچاخی دانراوە ھەرچیت بوێت ژمارەی ئۆتۆمبیلەکەت لێوەردەگرن و بۆت داخڵدەکەن، ئەمڕۆ بەڕادێک خەیارو سێو و پیازو قۆخ بە 4 ھەزار دۆلار داخڵدەکەن، ھێڵکە بە 12 ھەزار دۆلار، جگەرە بە نیوەی بەھای گومرگەکەی و ھەرچی دیکەشت ھەبێت بۆت داخڵدەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێستا تەنیا لە قاچاخی جگەرە مانگانە 10 ملیۆن دۆلار دەبرێت!، ئێستا لە شەقامی سەھۆڵەکەو بازاڕی دۆلارەکە با ئاشکرا نوسینگەی قاچاخی دانراوە چیت بوێت بە بەرچاوی ھێزە ئەمنیەکانی حکومەتەوە لە باشماخ و پەروێزخانەوە بۆت داخڵدەکرێت".


PM:11:12:08/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 1844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت