رۆژی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد ئاشكرابوو


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

وا بڕیارە رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی شاری بەغداد بكەنەوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراق.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی تایبەت بەوێستگە نیوز دراون، بڕیارە رۆژی سێشەممە 11ی ئابی 2020، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی شاری بەغداد بكەنەوە بۆ درێژەدان بەگفتوگۆكردن سەبارەت بەكێشە هەڵپەسپێردراوەكانی هەردوولا كە لەئێستادا سەرەكیترینیان مووچەی فەرمانبەرانە.

ئەمڕۆ د.شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان بەمیدیای حیزبەكەی راگەیاندبوو، لەم ڕۆژانەدا ڕێككەوتنێك لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا واژۆ دەكرێت بەو شێوەیە مووچەی مانگی سێی پێ دابەش دەكرێت، بەڵام تائێستا ڕوون نیە كە مووچەی تەواوەتی دابەش دەكرێت یاخود بە لێبڕینەوە دەبێت و پێشبینی ئەوەش دەكرێت مانگانە مووچە لەكاتی خۆیدا دابەش بكرێت.

پێشتریش وێستگە نیوز بڵاویكردەوە، بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان هەرێم و بەغداد دەكرێت، بڕیارە مانگانە حكومەتی عێراق بڕی 300 ملیار دینار رەوانەی هەرێم بكات لەبەرامبەریشدا هەرێم نیوەی داهاتی گومرگ و دەروازە سنوورییەكان رادەستی بەغداد بكات.


PM:03:17:08/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 7768 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو