په‌رله‌مانتارێكی پارتی: نا هاوسه‌نگی له‌ كه‌رتی نه‌وتدا هه‌یه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
په‌رله‌مانتارێكی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ناھاوسەنگی لە گرێبەستە نه‌وتییه‌كاندا ھەیە و حكومه‌تی هه‌رێم پیاداچوونەوەی بۆ دەكات.


رێبوار بابكەیی، ئەندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی پارتی كه‌ هاوكات ئه‌ندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانیشه‌، بە ماڵپەڕی فەرمی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌: "بەپێی روانگەی تازەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و بەرپرسانی حكومەتیش پێیان راگەیاندوون، كە حكومەت بەنیازە چاكسازی لە كەرتی نەوتدا بكات، بێگومان كەرتی نەوت كەرتێكی فراوانە و لەوانەش كۆمپانیا لۆكاڵی و بیانییەكان و گواستنەوە و بەرھەمھێنان و بە بازاڕكردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و چەندین بواری دیكەش".

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پارتی ئه‌وه‌شی وتووه‌: "حكومەت پێی وایە ناھاوسەنگی لە كەرتی نەوتدا ھەیە، بە جۆرێك زیاتر لە بەرژەوەندیی كۆمپانیاكانی كەرتی نەوت و غازە، ھەروەھا پێداچوونەوە بە گرێبەستەكانی لەگەڵ كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەكان دەكات، كە بە جۆرێك پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت لە بەرژەوەندیی حكومەتدا بێت".

بابكەیی پێی وایه‌، "ئەگەر لە كەرتی نەوتیشدا چاكسازی بكرێت و ئەو ناھاوسەنگییەی ھەیە راست بكرێتەوە، لە بوارەكانی بەرھەمھێنان و گواستنەوە و بەبازاڕكردن، داھاتێكی زۆر بۆ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە".

ناوبراو جەختیشی كردەوە: "ھەر چاكسازییەك ئەنجام بدرێت، بۆ بەدیھێنانی ھاوسەنگی و دادپەروەرییە و لە ساڵانی رابردوودا بە جۆرێك گرێبەست كراون، زیاتر لە بەرژەوەندیی كۆمپانیاكاندا بووە نەك حكومەتی ھەرێمی كوردستان، حكومەت دەیەوێ زیاتر كار لەسەر دوو خاڵ بكات، یەكەم دادپەروەری و ھاوسەنگی ھەبێت، دووەم گرێبەستەكان لە بەرژەوەندیی گشتیی ھەرێمی كوردستاندا بن".

هــ. ر


AM:08:40:06/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 1284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت