فڕۆکەکانی تورکیا چیای خامتیر لە زاخۆ بۆردومان دەکەن

‌ئەرشیف

وێستگەنیوز-
لەدوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممەوە جارێکی دیکە فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا ناوچەکانی سنوری گوندی پرەخێ  و چیای خامتیر و دەوروبەری کە دەکەونە سنوری قەزای زاخۆ بۆردومان دەکەن و بەهۆی بەردەوامی بۆردومانەکانیش ژمارەیەکی زۆری پوش و پاوان و داربەڕوی لەناوچە شاخاوییەکان سوتان.

پەیامنێری وێستگەنیوز لە پارێزگای دهۆک رایگەیاند، لەدوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا ناوچەکانی سنوری گوندی پرەخێ  و چیای خامتیر و دەوروبەری لە سنوری ناحیەی دەرکار کە دەکەونە سنوری قەزای زاخۆ بۆردومان دەکەن و سێ گوندی سنوری ناحیەی باتیفاش کە دوێنێ بۆردومان کراون، تائێستا نەتوانراوە ئەو ئاگرەی کەلە ناوچە شاخاوییەکان کەوتوەتەوە، کۆنتڕۆڵبکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بەردەوامی بۆردومانەکان بە پاساوی بونی جوڵەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لەماوەی 48 کاتژمێری رابردودا سنوری چوار گوند لە دوو ناحیەی سەر بە پارێزگای دهۆک بۆردومان کراون، بۆردومانەکانیش جگە لە دروستکردنی ئاستەنگی ئەمنی لەو سنورانە و سوتانی کشتوکاڵ و رەز و باغی هاوڵاتیان، بەهۆی بونی ئاگرکەوتنەوە لە ئەنجامی بۆردومانەکان تا ئێستا سەدان دۆنم زەوی و پوش و پاوان و دار بەڕوو سوتان.

26ی تەمموزیش پەیامنێری وێستگەنیوز لە ئامێدی رایگەیاند، بەپاساوی بونی جوڵەی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دوو ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانی مەدەنیان لە سنوری ناحیەی بامەڕنێ سەر بە قەزای ئامێدی کردوەتە ئامانج، بەهۆی بۆردومانەکە و ئاڕاستەکردنی راستەوخۆیی بۆ ئەو دوو ئۆتۆمبێلەش دوو هاڵاتی مەدەنی شەهید بوون.

بە درێژایی دوو مانگی  رابردوو ئێران و تورکیا بە شێوەیەکی رێکخراو چەند هێرشێکی زەمینی و ئاسمانیان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق ئەنجامداوە، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا لەژێر ناوی "چنگی هەڵۆ" ئەنجامدراوە و ئامانجی ئەنقەرە دەستبەسەرداگرتن و کردنەئامانجی پێگەکانی گەریلایە لە  لە قەندیل و شنگال  و ناوچەکانی دیکەی سنوری پارێزگای دهۆک، لەبەرامبەردا ئێران تۆپبارانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات بە پاساوی بونی گروپی چەکداری لەسەر سنور.



PM:03:41:01/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 2436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت