کازم فاروق: رەتکردنەوەی هاوکارییەکانی نەخۆشخانەی رزگاری، کوشتنی بە ئەنقەستی خەڵکە

‌هاوکارییەکانی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ توشبوانی کۆرۆنا لە هەولێر

وێستگەنیوز-

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، رەتکردنەوەی هاوکارییەکانی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەکەیان بۆ گەیاندنی ژمارەیەک زۆری بوتڵی ئۆکسجین بۆ توشبووانی کۆرۆنا لەلایەن کارگێڕی نەخۆشخانەی رزگاری "کوشتنی بە ئەنقەستی خەڵکە و با خەڵکی ھەولێر و ھەموو کوردستان بزانن کە گیان و رۆحی خەڵکی چەندە بێقیمەتە لەلای پارتی و دارودەستەکەی".

کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، "نەوەی نوێ لەپاڵ رەخنەگرتن لە دەسەڵات، چارەسەری عەمەلی پێشکەش بە خەڵکی دەکات، بەڵام ئەم دەسەڵاتە چاوی بە ئیشی باشدا ھەڵنایەت و جگە لەوەی کە خۆی نایکات رێگەش نادات ھیچ کەسێک خزمەت بەم وڵاتە بکات، وەرە زەلام بەلاتەوە ئاسایی بێت خەڵکی ھەولێر بەھۆی نەبونی ئۆکسجینەوە گیان لەدەست بدەن، بەلام رازی نەبیت ئەو بتڵە ئۆکسجینانە بگاتە دەستی نەخۆشەکان تەنھا لەبەر ئەوەی لەلایەن سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وە دابینکراوە"

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەمە ھیچ تەفسیرێکی تر ھەڵناگرێت، جگە لە کوشتنی بەئەنقەستی خەڵک لەپێناو مەوقیفی حیزبەکەی خۆتدا، با ئیتر خەڵکی ھەولێر و ھەموو کوردستان بزانن کە گیان و رۆحی خەڵکی چەندە بێقیمەتە لەلای پارتی و دارودەستەکەی، تەبعەن مەوقیفی یەکێتیش لەوەی پارتی باشتر نەبوو کاتێک سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەماوەی 48 کاتژمێر بینای جوڵانەوەکەی لە سلێمانی کرد بە نەخۆشخانە و پێشکەش بە تەندروستی سلێمانی کرد بەڵام لەبەر ئەوەی ھی نەوەی نوێ بوو وەریان نەگرت".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە کاوە عەبدولقادر جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند،لەسەر راسپاردەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ژمارەیەکی زۆر بوتڵی ئۆکسجینیان بۆ توشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی رزگاری لە شاری هەولێر دابینکردوە، بەڵام "بەبڕیارێکی حزبی" رێگریان لێکراوە کە هاوکارییە بگەیەنن بە نەخۆشخانەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "لێرە مامەڵە بە گیانی خەڵکییەوە دەکەن و گیانی خەڵکیان بە سیاسی کردوە، ئێمە خەڵکی هەولێرین هاتوین هاوکاری خوشک و براکانمان بکەین هاوکاری نەخۆشەکان بکەین و گیانیان لە مردن بپارێزین، کەچی ئەوان گیانی نەخۆشیان بە سیاسی کردوە و بەڕاستی ئەوانە شایەنی حکومڕانی نین".

پەیوەست بەم بابەتەش رێبوار ئیسماعیل، لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێكخستی هەولێر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایگەیاند، " بەئەرکی خۆمانی دەزانین هاوکاری خەڵک و هاوشارانی خۆمان بکەین ئەوە کەمترین خزمەتە کەئێمە پێشکەشی نەخۆشان و دانیشتوانی هەولێری بکەین، لەکاتی ئاگاداربوونمان لە هەبوونی کێشەی ئۆکسجین لە نەخۆشانەی ڕزگاری لەشاری هەولێر . وەک ئەرکی سەرشانمان لە مەڵبەندی3ی هەولێری (ی.ن.ک) بەرامبەر بەوشارە و نەخۆشەکانی ، ئامادەیی خۆمان پیشاندا بۆ گەیاندنی 200 بوتڵی ئۆکسجین بەشێوەی بوتڵ یان بەشێوەی ئۆکسجینی شل بۆ نەخۆشخانەی ڕزگاری".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی روو لە دەسەڵاتی تەندروستی هەولێر و لایەنی حکومڕانی شارەکە دەکات و دەڵێت، "ئەگەر ئێوە دەتوانن کێشەکە چارەبکەن و کەموکۆڕیەکان چارەبکەن و نەخۆش لەبێ ئۆکسجینی نەمرێت ، ئێمە دەستخۆشیتان لێ دەکەین و زۆر سوپاستان دەکەین ، ئەگەر نا ئێمە بەشێکین لەو شارە و بەئەرکی خۆمانی دەزانین هاوکاری خەڵک و هاوشارانی خۆمان بکەین ئەوە کەمترین خزمەتە کەئێمە پێشکەشی نەخۆشان و دانیشتوانی هەولێری بکەین، نیگەرانین لەوەی ڕوویداوە و هیوادارین دەستی هاوکاری لەهەموو لایەک قبوڵبکرێت و هەمووان خزمەتی ئەو شارە بکەین".

دوێنێش بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند، بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دوبارە باس لە نەمانی ئۆکسجین دەکەن لە لەنەخۆشخانەی رزگاری، بەڵام دڵنیایی دەدەنە هاوڵاتیانی پارێزگای هەولێر کە هیچ کێشەیەک لە نەمانی ئۆکسجین لەو نەخۆشخانەیەدا بونی نیە.

هاوکات ته‌ندورستی هه‌ولێر، ئەمڕۆ شەممە گیانله‌ده‌ستدانی كارمه‌ندێكی به‌هۆی توشبوونی به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا راگه‌یاند و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ پرسه‌نامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌.

30 تەمموز توشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی رزگاری لە شاری هەولێر كێشەی نەمانی ئۆكسجینیان بۆ دروستبوو، بەگوێرەی زانیارییەكانیش لەو رۆژەدا پێنج كەس لە شاری هەولێر بەو هۆکارە گیانیان لەدەستداوە.




PM:03:34:01/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 2276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو