فڕۆکەخانەی سلێمانی: بەرەچاوکردنی رێنماییەکان، گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە


وێستگەنیوز-
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەرەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکانی بۆ رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی دەستپێدەکەنەوە و پێویستە گەشتیاران چوار کاتژمێر بەر لە گەشتەکان لەناو فڕۆکەخانە ئامادەبن، هەروەها دەبێت پشکنینی پزیشکی کۆرۆنا لەسەر ئەرکی خۆیان ئەنجام بدەن.

تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، داوا لەو کەسانە دەکەن کە بەنیازی گەشتکردنن پێویستە بۆ تەواوکردنی رێنماییەکان کەبەهۆی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا چڕکراونەتەوە، چوار کاتژمێر بەرلە گەشتەکان، لەگەڵ بەستنی دەمامک و هێنانی پشکنینی پزیشکی تایبەت بە کۆرۆنا لە فڕۆکەخانەی سلێمانی ئامادەبن.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەستپێکردنەوەی گەشتەکان کە ماوەی زیاتر لە چوار مانگە راگیراون پێویستیان بە کاتی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بتوانن کارئاسانی بۆ هاوڵاتیان بکەن و هەروەها رێگریش لە بڵاوبونەوەی کۆرۆنا بکرێت، بۆیە داوا لە گەشتیاران، ئەوانەی دەگەڕێنەوە لەگەڵ کەسوکاری گەشتیاران دەکەن هەماهەنگ و کارئاسانی بۆ راییکردنی کاروبارەکانی فڕۆکەخانە بکەن و نابێت هیچ گەشتیارێکیش لە یەک کەس زیاتری لەگەڵ بێتەناو فڕۆکەخانە.

بە گوێرەی خشتەی فڕۆکەخانەی سلێمانی کاتژمێر 12:15 خولەکی ئەمشەو یەکەمین فڕۆکەی هێڵی گەشتیاری لە فڕۆکەخانەنی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ شاری ئیستەنبوڵ لە وڵاتی تورکیا دەبێت.


AM:11:14:01/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت