فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رێنماییەکانی تایبەت بەگەشتکردن بڵاودەکاتەوە


وێستگەنیوز-
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە فڕۆکەخانە بە رووی گەشتیاراندا کرایەوە و پێویستە ئەو کەسانەی گەشت دەکەن بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان یان لە وڵاتانی دەرەوە دەگەڕێنەوە، دەستکێش و دەمامک ببەستن و پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن، هەروەها رێکاری خۆکەرەنتینەکردن بۆ ئەوانەی دەگەڕێنەوە جێبەجێدەکرێت.

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، گەشتیاران ئاگادار دەکەنەوە کە پێویستە پشکنینی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە جۆری (PCR) بکەن. هەروەها پێویستە گەشتیاران، بەر لە ھاتنیان بۆ فڕۆکەخانە، پەیوەندی بە ئەو ھێڵە ئاسمانییەوە بکەن کە گەشتەکەیان لە رێگەیەوە ئەنجام دەدەن، بۆ دڵنیا بوون لە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکانی ئەو شوێنەی کە بۆی دەچن.

ئەوەش هاتوە، ئەو گەشتیارانەی کە دێنە ھەرێمی کوردستان، پێویستە یان پشکنینی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە جۆری (PCR) بەر لە 48 کاتژمێر بەر لە ھاتنیان ئەنجام بدەن، یاخود لە کاتی گەیشتنیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل پشکنینەکەیان بۆ ئەنجام دەدرێت و تێچوویەکەی دەکەوێتە سەرشانی گەشتیار.

دەقی راگەیەندراوەکە:

ھاوڵاتیانی بەڕێز،

ئەمڕۆ ٢٠٢٠⁄٨⁄١ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل بە رووی گەشتیاراندا کرایەوە.

پێویستە گەشتیارانی چوون و ھاتن دەمامک و دەستکێش بەکاربھێنن لە تێرمیناڵی فڕوکەخانە.

بەپێی ئەو شوێنەی کە گەشتی بۆ ئەنجام دەدەن، گەشتیاران پێویستییان بە پشکنینی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە جۆری (PCR). پێویستە گەشتیاران، بەر لە ھاتنیان بۆ فڕۆکەخانە، پەیوەندی بە ئەو ھێڵە ئاسمانییەۆە بکەن کە گەشتەکەیان لە رێگەیەوە ئەنجام دەدەن، بۆ دڵنیا بوون لە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکانی ئەو شوێنەی کە بۆی دەچن.

پشکنینەکان، بەپێی بڕیاری بەڕێوبەرایەتی پاراستنی تەندروستی هەولێر، لە بنکەی تەندروستی زانکۆ، رێگای کەرکوک، تەنیشت کۆلێژی زانست، ئەنجام دەدرێن.

ئەو گەشتیارانەی کە دێنە ھەرێمی کوردستان، پێویستە یان پشکنینی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە جۆری (PCR) بەر لە 48 کاتژمێر بەر لە ھاتنیان ئەنجام بدەن، یاخود لە کاتی گەیشتنیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل پشکنینەکەیان بۆ ئەنجام دەدرێت و تێچوویەکەی دەکەوێتە سەرشانی گەشتیار.

پێویستە سەرجەم گەشتیارە ھاتووەکان بەڵێننامەیەک پڕبکەنەوە کە بۆ ماوەی 14 رۆژ خۆیان کەرەنتین بکەن، لە دوای گەیشتنیان بۆ ھەرێمی کوردستان.

ھەریەک لە شاندی فەرمی، خاوەنکار و ئەو گەشتیارانەی بۆ ماوەیەکی کورت دێنە کوردستان، ئەم خاڵەی سەرەوە (خۆ کەرەنتینکردن بۆ ماوەی 14 رۆژ) نایانگرێتەوە.

ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل

٢٠٢٠/٨/١


AM:10:31:01/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 2148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت