ئایە شاری گەشتیاری حەبانییەت بیستووە.؟

‌فۆتۆکان لە واڵی رۆژنامەنووس ئومێد حەمە وەرگیراون

وێستگه‌ نیوز ـ ئومێد حەمە ـ به‌غدا

حەبانییە دەکەویتە کوێوە.؟
چۆن بوو بە شارێکی گەشتیاری.؟
ئەی ئێستا چی لێھاتووە.؟

حەبانییە ناوچەیەکە 85 کم دەکەوێتە خۆرئاوای شاری بەغدا و 25 کم دورە لە شاری فەلوجەوە و لە رووی ئیداریەوە سەر بە پارێزگای ئەنبارە.

دۆڵیکە بە پانتای دوو هه‌زار و 666 دۆنم و ساڵی 1956 دەریاچەی حەبانیەیان لێدروست کرد بۆ گلدانەوە و ھەڵگرتنی ئاوی فورات و دەریاچەکە دەستکردە و توانای گلدانەوەی 3.3 ملیار مەتر چوارگۆشه‌ ئاوی ھەیە و لەژێر کۆنترۆڵی بەنداوی رومادییە و لە کاتی پربونیشی ئاوە زیادەکەی دەچیتە دەریاچەی رەزازەوە کە لە باشوری حەبانییە و توانای گلدانەوەی 26 ملیار مەتر چوارگۆشه‌ ئاوی ھەیە و بەھەمان شێوه‌ی حەبانییە دەستکردە

ساڵی 1975 دوای نزیکبونەوەی سیاسی نێوان فەرەنسا و عیراق بیرۆکەی بونیادنانی شارێکی گەشتیاری دروست بوو لەسەر دەریاچەی حەبانییە و بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی (گەشتوگوزار و راگەیاندنی ئەوکاتەی عیراق) لیژنەیەکی رەوانەی فەرەنسا کرد تا گرێبەستی بونیادنانی گەورەترین شاری گەشتیاری لە رۆژھەڵاتی ناوڕاست بدەن بە کۆمپانیای THINET ی فەڕەنسی.

گرێبەستەکە واژوو کرا و ساڵی 1976 بەردی بناغەی دانرا و پرۆژەکە بە سێ ساڵ تەواو کرا و رۆژی 1_1_1979 گەورەترین شاری گەشتیاری لە رۆژھەڵاتی ناوڕاست کرایەوە بۆ ماوەی ساڵیک کۆمپانیا فەرەنسێکە سەرپەرشتی دەکرد و دواتر بۆ ساڵیک درا بە کۆمپانیایەکی لوبنانی و دواترش تا ساڵی 1982 درا بە کۆمپانیایەکی ھندی و دواتر رادەستی وەزارەتی گەشتوگوزاری عیراق کرایەوە و ھەمان ساڵ نازناوی ئاڵتونی وەرگرت لە رێکخراوی گەشتوگوزاری جیھانی وەک باشترین و جوانترین شاری گەشتیاری لە رۆژھەڵاتی ناوه‌ڕاست.

شاری گەشتیاری حەبانییە پێکھاتووە لە .؟

هۆتێلێکی شەش نھۆمی پێنج ئەستێرە و ھەر نھۆمێک 47 ژووری تێدایە و کۆی گشتیه‌کەی دەکاتە 600 قەره‌وێڵە

سێ چێشتخانەی گەورە و سێ ھۆڵی سینەما

چەند مەله‌وانگه‌یه‌كی ھاوینە و زستانە

لەسەر دەریاجەکەش 500 کابینەی گەشتیاری یەک ژور و دوو ژوری تێیدایە

18 باڕ و شوێنی حەوانەوە و یانەی شەوانەی تیادایە

گۆڕه‌پانی تۆپی پێ و تێنس و ئەسپسواری تێدایە

مۆڵێکی بۆ بازاڕکردن تیادایە کە گەورەترین مۆڵی ئەوکاتە بووە لە عیراق

نرخی ھەموو خزمەتگوزارییەک بۆ ھاوڵاتی عیراقی کەمتربوو لە ھاوڵاتیانی بیانیی
....
حەبانییە چی لێھات.؟

وەک ھەموو شوێنە جوانەکانی عیراق لە دوای ساڵی 2003 وە ئیھمال کرا چەند ساڵیک و دواتر ساڵی 2009 نۆژەنکرایەوە تا ئەوکاتەی داعش دەستی بەسەر شاری روومادی گرت.

تا ساڵی 2015 بەدەست داعشەوە بوو کە ھەموو شتەکانی شێواند و تا ئێستاش ناوی بە جۆرێک ونبووە تەنھا خەڵکی ناوچەکە و به‌رێژەیەکی کەم خەڵکی ناوچەکانی دیکەی عیراق بەسەر چەن تەوق و کۆت و ترسیکدا سەردانی دەکەن و جوانی رابردوی لەدەست داوە
......
تێبینی... بڕوا دەکەیت یان نا وێنەکان لە عیراق گیراون و لە شاری گەشتیاری حەبانییە لە نێوان ساڵەکانی 1979 تا ساڵی 1990.


PM:04:20:21/07/2020


































ئه‌م بابه‌ته 6340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو