سۆران عومەر سەبارەت بەبوونی بەڕاوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق روونكردنەوە دەدات

‌سۆران عومەر

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان كە دوێنێ دەستی لەكاركێشایەوە رەتیدەكاتەوە دوای قبوڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەكەی ببێتە راوێژكاری بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق.

دوای ئەوەی دوێنێ سۆران عومەر بەفەرمی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتار لەپەرلەمانی كوردستان راگەیاند، لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وا بڵاوكرایەوە كە ناوبراو دەبێتە راوێژكاری بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لەپشكی كۆمەڵ و راوێژكاری ئێستای بەرهەم ساڵح لەپشكی كۆمەڵ (هاوژین عومەر) دەست لەكاردەكێشێتەوە، بەڵام سۆران عومەر لەلێدوانێكدا بۆ وێستگە نیوز ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە و رایگەیاند، ئەو قسانە راست نین و نابێتە راوێژكاری د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق.

سەبارەت بەوەی بۆچی لەناكاو بڕیاریدا دەستلەكاربكێشێتەوە، سۆران عومەر وتی"بڕیارەكەی لەناكاو نەبووە، بەڵكو ماوەی مانگێكە لەگەڵ حیزبەكەیدا لەتاوتوێی ئەو بابەتەیە، چونكە قەناعەتی بەكاری پەرلەمانتاری گۆڕاوە".

دوێنێ سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لەداواكارییەكدا بۆ پەرلەمانی كوردستان نووسیبوی "داواكارم ئەم نامەیەم وەك دەست لەكاركێشانەوە لەئەندامێتی پەرلەمانی كوردستان پەسەند بكەن لەنزیكترین كۆبوونەوەی پەرلەمان، بەهۆی ئەوەی پەرلەمان ئەركی خۆی لەیاسادانان و چاودێری حكومەت و نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان بەجێ ناهێنێت".

لەماوەی رابردوودا بەهۆی رەخنەگرتنی توندی لەمەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، سۆران عومەر لەلایەن زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان لەفراكسیۆنەكانی پارتی و پێكهاتەكان پارێزبەندی لەسەر هەڵگیرا، بەڵام دواتر لەلایەن رێواس فایەق، سەرۆكی پەرلەمانەوە بەبڕیارێك بۆ ئەو پارێزبەندییەی لەسەر هەڵوەشایەوە، بەڵام لەم هەفتەیەدا لەلایەن بنكەیەكی پۆلیسی هەولێرەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو.


PM:02:37:16/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 8672 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت