مامۆستایەکی زمانی کوردی بە 10 ساڵ زیندانی سزادرا


وێستگەنیوز-

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، دەزگای دادوەری حکومەتی ئێران لە سنە بە تۆمەتی دروستکردنی گروپ دژ بە ئاسایشی وڵات، سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردیدا سەپاند.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە گرنگی بە دۆسیەی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەدات رایگەیاند، زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین، حەوت مانگ دوای ئازادبونی بە شێوەی کاتی، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سزایە لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرپەرشتی دادوەر سەعیدی و بە تۆمەتی دروستکردنی گروپ دژ بە ئاسایشی وڵات، بەسەریدا سەپێندراوە.

زارای تەمەن 28 ساڵ لەدایکبوی گوندی سەراوڵەی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنەیە، ماوەی 10 ساڵە کە لە گوندەکانی دەوروبەری سنە و ناو شاری سنە وانەی کوردی دەڵێتەوە و 6 ساڵ پێش ئێستا یەکێک بوە لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین، دواتر بە کۆی دەنگی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو رێکخراوە وەک سەرۆکی رێکخراو هەڵبژێردراوە.

ئەنجومەنی نۆژین یەکێک لە ئەنجومەنە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکانی پارێزگای سنە، کە لە چەند شاری ئەو پارێزگایە وەک سنە، کامیاران، دێولان، سەقز و بانە لقی هەیە و چالاکی دەکات.


AM:09:33:15/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 1676 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت