ئێران کارمەندێکی پێشووی وەزارەتی بەرگری له‌ سێداره‌دا

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
حکومەتی ئێران کەسێکی بە تۆمەتی دزەپێکردنی زانیاریی لەبارەی بەرنامەی موشەکیی وڵاتەکەی بۆ ئەمریکا لەسێدارەدا و بڕیارە کەسێکی دیکەش بە تۆمەتی زانیاریدان لەبارەی قاسم سولەیمانییەوە لەسێدارەبدرێت.


غوڵام حسێن ئیسماعیلی، وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، بە تۆمەتی سیخوڕی و فرۆشتنەوەی زانیاری لەبارەی بەرنامەی موشەکیی ئێران بە ئەمریکا، هەفتەی رابردوو، رەزا عەسکەری کارمەندی پێشووی بەشی ئاسمانیی وەزارەتی بەرگریی لەسێدارەدراوە.

باسی لەوەشکردووە، لە پاش خانەنشینبوونی رەزا عەسکەری لە ساڵی 2016، لە بەرامبەر فرۆشتنی زانیاریی بەرنامەی موشەکیی ئێران، پارەیەکی زۆری لە دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا "سی ئای ئەی" وەرگرتووە.

وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئەوەشی خستووەتەڕوو، کەسێکی دیکە بەناوی مەحمود موسەوی، بە تۆمەتی زانیارییدان لەبارەی جموجوڵەکانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی وڵاتەکەی بە ئەمریکا، بە زوویی لەسێدارە دەدرێت.

لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، حکومەتی ئێران، بە تۆمەتی دزەپێکردنی زانیاریی هەواڵگریی لەبارەی پرۆگرامی ناوەکی وڵاتەکە بۆ سی ئای ئەی، کەسێکی بەناوی ئەمیر رەحیمپور لەسێدارەدا.

لە تەمموزی ساڵی رابردووشدا، ئێران دەستگیرکردنی گروپێکی 17 کەسی راگەیاند کە لەناو دامودەزگا هەستیارەکانی وڵاتەکەدا زانیارییان بە سی ئای ئەی فرۆشتووە.

هــ. ر

 


PM:07:00:14/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 1784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو