هێمن هەورامی: ستراتیژیەتی هەرێمی کوردستان رێکەوتنە لەگەڵ بەغدا


وێستگەنیوز-

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لە ئێستادا ستراتیژییەتی هەرێمی کوردستان رێکەوتنە لەگەڵ بەغدا، چونکە چارەسەرکردنی کێشەکان لە بەرژەوەندی تەواوی خەڵکی عێراق دایە، و ئەو ڕێکەوتنەش دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بەیەکەوە جموجۆڵەکانی داعش بەتایبەت لە ناوچەکانی مادەی 140ی دەستووری عێراقی فیدراڵ رابگرن.

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ لەگەڵ نەسروڵڵا زارع رەشنوودی کۆنسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر کۆبوەتەوە و رایگەیاندوە، "یاسای چاکسازی لە موچە و دەرماڵە و بەخشین و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان، لە پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر دراوە و بەشێکە لەو چاکسازییە گشتیەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەسەرجەم سێکتەرەکان ئەنجامی بدات بۆ هێنانە دی یەکسانی و دادپەروەری، بۆ ئەمەش پەرلەمانی کوردستان هاوکار و پشتیوان دەبێت و چاکسازییەکانیش بەردەواممیان دەبێت".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و مەترسی جموجۆڵەکانی داعش ، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەکردوە، "ستراتیژییەتی هەرێمی کوردستان رێکەوتنە لەگەڵ بەغدا، چونکە چارەسەرکردنی کێشەکان لە بەرژەوەندی تەواوی خەڵکی عێراق دایە، و ئەو ڕێکەوتنەش دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بەیەکەوە جموجۆڵەکانی داعش بوەستێنین بەتایبەت لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقی فیدراڵ" .

لەلایەن خۆیەوە نەسروڵڵا زارع رەشنوودی کۆنسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران  ئاماژەی بەوەکردوە، پشتیوانی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن دەکەن.

لە دیدارەکەدا دۆخی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەسەر کراوە و هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆچوونی فەرمی پەرلەمانی کوردستانی لەوبارەیەوە خستوەتەڕو.


PM:09:34:13/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 1968 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت