ئەو بڕە پارەیە ئاشكرا دەكرێت كە بەغداد بۆ هەرێمی رەوانە دەكات


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندی حكومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ و رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق سەردانی شاری بەغداد بكەنەوە و بڕیارەش بەغدادیش مانگانە بڕە پارەیەك بۆ هەرێم رەوانە بكات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار لەشاری بەغداد بەوێستگە نیوز دراون، بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جارێكی دیكە سەردانی شاری بەغداد بكەنەوە بۆ درێژەدان بەگفتوگۆكانی نێوان هەردوولا بۆ گەیشتنە رێككەوتن.

هەر بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە، سەرەتا بڕیارە بەغداد مانگانە بڕە پارەیەك كە لەنێوان 250 تا 300 ملیار دینارە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكات و لەبەرامبەریشدا بڕێك پارەی گومرگ لەهەرێم وەربگرێتەوە بەجۆرێك لەسەرەتادا ئەو پارەیەی دەینێرێت زیاترە لەو گومرگەی وەریدەگرێتەوە، بەڵام دواتر دەیەوێت سەرجەم داهاتی گومرگەكان لەهەرێم وەربگرێت.

وەك ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ كرد، ئەو پارەیەی كە بڕیارە بەغداد بۆ هەرێمی رەوانە بكات تا كۆتایی ئەمساڵ دەبێت و دواتر دەبێت بۆ بودجەی ساڵی 2021 رێككەوتنی نوێ بكرێت.

لەماوەی رابردوودا چەند جارێك شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەری كێشەكانی هەولێر بو بەغداد سەردانی شاری بەغدادیان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی حكومی و حیزبی كۆبوونەوە.

دوای راگرتنی بەشە بودجەی مانگانەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدادەوە لەمانگی نیسانی ئەمساڵەوە لەلایەن عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكی پێشووی حكومەتی عێراق، دوای دەستبەكاربوونی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ جەژنی رەمەزان بڕی 400 ملیار دیناریان رەوانەی هەرێمی كوردستان كرد.


PM:06:11:13/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 6624 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت