یەکەم پەرلەمانتار دژی 50 هەزارەکەی هەولێر وەستایەوە

‌مژده‌ مه‌حمود

وێستگە نیوز ـ
مژده‌ مه‌حمود، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ ره‌خنه‌ی له‌ بڕیاره‌ نوێیه‌كه‌ی پارێزگای هه‌ولێر ده‌گرێت كه‌ بۆ سه‌ردانی كردنی شاری هه‌ولێر بڕی 50 هه‌زار دیناری پشكنین له‌ هاوڵاتییانی پارێزگاكانی تر وه‌رده‌گیرێت.


مژده‌ مه‌حمود، له‌ لاپه‌ڕه‌ی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نووسیویه‌تی: "وەرە ئەوەندە ڕوو قایم بیت، بە دوو مانگ نیوە موچەیەک بدەیت بە خەڵک کە چەند سەد هەزارێکە، بەڵام بێیت بەو خەڵکە بڵێیت کە هاتیتە پایتەخت ئەبێ 50 هەزار دینار بدەیت!".

ده‌شڵێت: "ئەم دەسەڵاتە هیچ شتێک نەماوە بۆ ستەمکاری و رووتاندنەوەی خەڵک نەیکات، تەنانەت گەیشتوه‌تە پلەی بێشەرمی، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان ئەمە قبوڵ نەکەن و بەهیچ شێوەیەک پارە نەدەن بۆ ئەوەی داخڵی هەولێر یان هەر شارێکی تر بن".

ئەمڕۆ دووشەممە پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بۆئەوەی جووڵەی ئابووری و بازرگانی لە هەولێر نەوەستێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە میکانیزمی نوێ بۆ هاتنە ناو پارێزگاکە جێبەجێدەکرێت، لەناویاندا ئەنجامدانی پشکنین بۆ هاووڵاتییانی پارێزگاکانی عیراق بە نرخێک کە لە 50 هەزار دینار زیاتر نەبێت.
 
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد: لە هەموو بازگەکانی پارێزگای هەولێر بنکەی پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دادەنرێن، ئەو هاووڵاتییانەی لە پارێزگاکانی دیکەی عیراقەوە دێن بە بڕێک پارە کە لە 50 هەزار دینار زیاتر نەبێت، پشکنینیان بۆ دەکرێت.
 
سەبارەت بە میکانیزمی تایبەت بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش ئاماژەی بەوە کرد کە میکانیزمەکە جیاوازیی دەبێت و هاونیشتمانیان دەتوانن پشکنین بکەن و پێویستیان بە هەماهەنگی نەبێت بۆ هاتنە ناو هەولێر.
 
گرتنەبەری ئەم میکانیزمەش، وەک پارێزگاری هەولێر دەڵێت، بۆ ئەوەیە جووڵەی ئابووری و بازرگانی لە هەولێر نەوەستێت، چونکە داخستنی سنوور لەگەڵ شارەکانی دیکەی عیراق، کاریگەریی لەسەر ئابووریی شارەکە دروستبووە.
 
راشیگه‌یاند: دوای گفتوگۆ و هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی تەندروستی، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە بڕیارە ئەو میکانیزمە جێبەجێبکرێت.


PM:01:20:13/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 12564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت