وێستگەنیوز زانیاری لەسەر شەڕی نێوان هەپەگە و سوپای تورکیا لە حەفتانین بڵاودەکاتەوە


وێستگەنیوز-
بەرپرسی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بە وێستگەنیوز راگەیاند، لە ماوەی پێنج رۆژی رابردودا لە سنوری حەفتانین 30 سەربازی سوپای تورکیا لە ئەنجامی رووبەرووبونەوەکانیان لەگەڵ هێزەکانیان کوژراون و ژمارەیەک خاڵی سەربازی سوپای ئەو وڵاتەش لە سنورەکەدا لەناوبراون.

دیار دەنیز، بەرپرسی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "ئەمڕۆ گەریلاکانمان لە گردی کارتاڵ لە حەفتانین چالاکییەکیان لە دژی سوپای تورکیا ئەنجامدا و بەوهۆیەوە سێ سەرباز کوژران".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە سێ شوینی دیکە هێزەکانمان چالاکیان ئەنجامداوە، بەڵام زانیاری لەسەر زیانە گیانییەکانی سوپای تورکیا بەدەستمان نەکەوتون".

بەرپرسی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئاماژەی بەوەشکرد، " لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوو 30 سەربازی سوپای تورکیا لە حەفتانین کوژراون، ئەو زانیاریانەشی باس لەوە دەکەن تائێستا 100 سەربازی سوپای تورکیا کوژراون سەرچاوەکەی ئێمە نین و ئەو زانیارییانە راست نین".

ئەمڕۆش ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لەبارەی چالاکی گەریلاکان و هێرشی دەوڵەتی تورکیا ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە حەفتانین و چەلێ لەدژی سوپای تورک چالاکیان ئەنجامدا، لە ئەنجامیاندا دو سەنگەر لەناوبران و هەشت سەربازی تورکیا کوژراون.

15ی حوزەیران سوپای توركیا لەژێر ناونیشانی چڕنوكی هەڵۆ، ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی دژی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە ناو خاكی هەرێم دەستپێكرد و تا ئێستاش بەردەوامە.


PM:09:04:11/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 1768 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو