رێكخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی داوای ئازادكردنی بێ مه‌رجی ژنه‌ چالاكوانێك ده‌كات

‌سەبا کوردئەفشاریی

وێستگه‌ نیوز ـ
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد، دەستبەجێ و بەبێ هیچ مەرجێک خانمە چالاکوانێکی ئێرانی ئازاد بکات، کە دژی سەپاندنی سەرپۆرشی زۆرەملێیە.


سەبا کوردئەفشاریی، چالاکوان لە ساڵی 2018 بەشداری لە هەڵمەتێکی دژ بەسەرپۆشی زۆرەملێدا کرد و پاش ئەوە دەستگیرکرا. پاشان رەوانەی بەندیخانەی قرشک کرا.

دەستگیرکردنی کوردئەفشاری لە سەرەتاوە مشتومڕی زۆری دروستکرد، چالاکڤانانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئاشکرایانکرد، ئەو لە سەرەتاکانی بەندکردنیدا گوشاری زۆری خراوەتە سەر بۆ ئەوەی دانپێدانانی تەلەڤزیۆنی بکات.

کوردئەفشاری تۆمەتی تێکدانی یاسای گشتی درایە پاڵ و پاش مانەوەی ساڵێک لە بەندیخانەی قرشک، بۆ بەندیخانەی ئیڤینی تاران گوازرایەوە. دواتر لە شوباتی 2019 دا ئازادکرا.

دوای ئازادبوونی، ئەو خانمە چالاکوانە لە نامەیەکدا رایگەیاند: "کاتێک لە نزیکەوە بەندیخانەکانی ئێرانم بینی، بەتایبەت قرشک، بۆم دەرکەوت مافی مرۆڤ لە ئێراندا نییە".

لە دوای ئازادبوونی بە سێ مانگ، کوردئەفشاری جارێکی دیکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەستگیرکرایەوە و مۆبایل و لاپتۆپەکەی و هەندێک کەرەستەی دیکەی کەسی، دەستیان بەسەردا گیرا.

دووشەممەی رابردوو، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند: "کوردئەفشاری بێبەشکراوە لە چاودێریی تەندروستی، لە کاتێکدا پێشتر دەسەڵاتداران لەوە ئاگادارن کە کێشەی لە کۆئەندامی هەرسکردندا هەیە و بەهۆی مانەوەی لە بەندیخانە، کێشە تەندروستییەکانی زیاتر بوون".

رێکخراوەکە ئەوەشی راگەیاندووە ئەو چالاکوانە مافی خۆیەتی پارێزەرێک بەویستی خۆی بۆ بەرگریلێکردنی دەستنیشان بکات.

رێکخراوەکە هەروەها داوای لە دەسەڵاتداران کردووە، فەرمان بدەن بە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ، لەبارەی سەرنگومبوونی کوردئەفشاری و بەندکردنی لە ژووری تاکەکەسی و دابیننەکردنی راوێژکاری یاسایی بۆی و بێبەشکردنی لە چاودێری تەندروستی، هەروەها بەرپرسانی ئەو کارانە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

لقی 26ی دادگای شۆڕشی ئێران لە تاران، سزای 15 ساڵ بەندکردنی بەسەر خانمە چالاکوانەکەدا سەپاند، بە تۆمەتی "هاندان بۆ گەندەڵی و بەرەڵایی"، جیا لە حەوت ساڵ و نیو بەندکردن بەتۆمەتی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بەمەبەستی کاری تاوانکارانە دژ بە ئاسایشی وڵات". هەروەها ساڵ و نیوێک بەندکردنی بەتۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات" بەسەردا سەپێنراوە.

بەپێی ئەو سزایانەی بۆی بڕاوەتەوە، دەبێ ئەو چالاکوانە تەمەن 22 ساڵە، لانیکەم 15 ساڵ لە بەندیخانەدا بمێنێتەوە.

راحلە ئەحمەدی دایکی سەبا، نامەیەکی ناڕەزایی بەرامبەر بڕیاری بەندکردنی کچەکەی بۆ رادیۆی فەردا ناردووە. دایکی سەبا خۆیشی چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەندکراوی سیاسییە، سزای چوار ساڵ بەندکردن لە بەندیخانەی ئیڤین بەسەردەبات.

هــ. ر

 


AM:09:42:10/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 1456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو