زانیاری نوێ سەبارەت بەچۆنیەتی دەوامكردنەوەی فەرمانگەكانی سلێمانی


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

دەوامكردنەوەی فەرمانگەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی رۆژانە چوار كاتژمێر دەبێت، بەڵام هەر فەرمانگەیەكیش پێویست بكات بەڕێوەبەرەكەی دەتوانێت دەوام درێژ بكاتەوە.

ئەمڕۆ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای سلێمانی بڕیاریدا لەڕۆژی 12ی تەموزەوە دەوامی فەرمانگەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەست پێبكاتەوە، لەو بارەیەوە د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بەوێستگە نیوزی راگەیاند، وەك ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە رۆژانە لەكاتژمێر 9ی بەیانی تا 1ی نیوەڕۆ دەوام دەكرێت، هەر فەرمانگەیەكیش پێویست بكات بەڕێوەبەرەكەی دەتوانێت دەوام درێژ بكاتەوە.

ناوبراو روونیكردەوە، پێویستە ئەوەندە فەرمانبەر دەوام بكەن كە رێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێ بكرێن و بەریەككەوتن دروست نەبێت و ئامڕازەكانی خۆپارێزییان پێ بێت و ئیشی هاوڵاتیانیش دوانەكەوێت، هیچ سەردانكەر و میوانێك پێشوازی ناكرێت ئەگەر پابەندی رێنماییەكان نەبێت.

بەمەبەستی خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆنا، ماوەی سێ هەفتەیە دەوامی فەرمانگەكانی پارێزگای سلێمانی راگیراون.


PM:04:22:09/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 2052 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت