لە 10 رۆژدا پیاو و گەنجێك لەسلێمانی خۆیان سووتان یەكێتی پیاوان: لە شەش مانگدا 39 كەس خۆیان كوشتووە


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

لەئێوارەیەكی درەنگ وەختدا لەباخی گشتی شاری سلێمانی پیاوێكی نزیك 60 ساڵ ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و دوای رۆژێك مانەوەی لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، دوای نزیكەی 10 رۆژ بەسەر ئەو رووداوە دیسان گەنجێكی تەمەن 16 ساڵیش بەهەمان شێوە لەپشت شوێنی كارەكەی، ئاگری لەجەستەی بەردا و گیانی لەدەستدا.

ئەم دوو رووداوە لەكاتێكدان كە هەرێمی كوردستان لەسەرەتای وەرزی بەهاری ئەمساڵەوە و لەگەڵ هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كەمبوونەوەی داهاتی هەرێم و رێكنەكەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق بەقۆناغێكی سەختی تەندروستی و ئابوری و سیاسیدا تێدەپەڕێت.

نەقیب سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بەوێستگە نیوزی راگەیاند، ئەو پیاوەی خۆی سووتاند، كێشەی پارەی هەبووە و شمەكی بۆ بەغداد بردووە و بەقسەی خۆی شمەكەكانی دەستیان بەسەردا گیراوە و خەڵكیش داوای پارەیان لێكردۆتەوە، بۆیە ئەویش بەو قسانە بێزار بووە پارەكەی دەست نەكەوتۆتەوە و خۆی سووتاندووە.

ناوبراو روونیكردەوە، ئەوەی  گەنجەكەش شاگردی فیتەر بووە لەكەلاوەی پشت شوێنی كارەكەی، خۆی سووتاند، بەقسەی خۆی، دۆخی دارایی باش نەبووە و ئەم ژیانەی بەدڵ نەبووە، بۆیە خۆی سووتاندووە، بەڵام كەسوكاری وتویانە باری داراییان باشە.

سەبارەت بەوەی بۆچی ئەو دوو كەسە پەنایان بۆ خۆسووتاندن بردووە، ئەو بەرپرسەی پۆلیس كە ساڵانە لەو بوارەدا كار دەكات روونیكردەوە "هەچەندە هیچ هۆكارێكی خۆكوشتن كارێكی باش نییە، بەڵام بۆ خۆسووتاندن ئاسانترین رێگەی خۆكوشتنە، ئەو كەسە لیترێك بەنزین دەكڕین و خۆی دەسووتێنێت، بەڵام خۆكوشتنەكانی دیكە پلانی دەوێت و رەنگە هەوڵەكە شكست بێنێت".

نەقیب سەركەوت پێیوایە ئەم دۆخەی ئێستای كوردستان كاریگەری خراپی بۆ هاوڵاتیان هەیە و روونیكردەوە، ئەگەر خەڵك لەڕووی ماددییەوە ژیانی باش نەبێت پێشبینی روودانی رووداوی دیكەش دەكرێت، چونكە ئەگەر پیاوان فشاری خێزان و منداڵیان لەسەر بێت، پەنا بۆ خۆسووتاندن دەبەن.

یەكێتی پیاوانی كوردستان چەند ساڵێكە دامەزراوە و داكۆكی لەمافی پیاوان دەكات، ئامارەكانی ئەو رێكخراوە بۆ خۆكوشتنی ئەمساڵ ئاماژەی ترسناك نیشان دەدەن، بورهان عەلی، سكرتێری یەكێتی پیاوان بەوێستگە نیوزی راگەیاند، فشارەكان و هۆكارەكانی خۆكوشتن 100% زیادیكردووە، لەبەرئەوەی رەگەزی نێرینە تووشی ئیفلاسیبوونێكی تەواو بووە و بەرپرسیارێتییەكی زۆریشی لەئەستۆیە، بۆیە فشارەكە وایلێهاتووە هەرچی لەبەردەستدا بێت هەوڵی دەربازبوون لەم ژیانە دەدات.

ناوبراو بەئامار قسەی كرد و وتی "لە شەش مانگی ئەمساڵدا 39 حاڵەتی خۆكوشتن بووە لەكاتێكدا لەساڵانی 2018 و 2019دا  نزیكەی 25 حاڵەتی خۆكوشتن تۆماركراون لایان، ئەمساڵ دڵنیان لەو ژمارەیەش زیاترە، بەڵام بەهۆی ئەم دۆخەوە ئامارەكانیان بەو شێوەیە دەستكەوتووە".


وەك محەمەد گۆمەشینی، وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بۆ وێستگە نیوزی روونكردەوە، حاڵەتەكانی خۆكوشتن و كوشتن هەیە لەسەردەمی كۆرۆنا و قەیراندا مانای دیكە هەڵدەگرێت، بەپێی لێكۆڵینەوەكان و قسەی كەسوكاریان هۆكاری سەرەكی رووداوەكان پەیوەستە بەقەیرانی داراییەوە، چونكە ژیانیان سەختە و چەندین كێشەی گەورە لەسەر پیاوان لەسەر كۆبۆتەوە، بۆیە پەنا بۆ خۆكوشتن و كوشتن دەبەن.

گۆمەشینی وتی "ئەو هۆكارەی كەسێك وا دەكات خۆی بكوژێت، هەمان ئەو كەسەیە كە بەهۆی كێشەوە دەمەقاڵی دروستبووە و گەیشتۆتە ئاستی ئەوەی كەسێك بكوژێت، هەرچەندە لەبنەڕەتدا خۆكوشتن لاوازترین بڕیارە، بەڵام قورسترین كاریشە مرۆڤ بیكات و خۆی بكوژێت".


PM:12:15:08/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو