به‌هۆی كۆرۆناوه‌ ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان له‌لێواری كاره‌ساتدایه‌

‌ناحیەی هەریر

وێستگه‌ نیوزــ

بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر له‌ سنوری پارێزگای هه‌ولێر رایگه‌یاند كه‌ دۆخی كۆرۆنا له‌ ناحیه‌كه‌یاندا زۆر مه‌ترسیداره‌ و ناوچه‌كه‌ له‌ لێواری كاره‌ساتدایه‌.

كاروان كەریم خان، بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌ دۆخی ناحیه‌كه‌ی له‌ رووی كۆرناوه‌ كردوه‌ و رایگه‌یاندوه‌ "بە پێی ئەگەر و ئەنجامی پشکنینەکان و رێژەی تووشبووان دەبێ رایبگەیەنین کە لە قۆناغێکی مەترسیدار و لێواری کارەساتداین بە رەچاوکردنی دۆخەکە و باری گوزەرانی ھاوڵاتیان رێکارەکانمان بە مەرجی پابەندبونی ھاوڵاتیان، نەگەیاندە بەرزترین ئاست، کە بریتییە لە کەرەنتین".

وتیشی: "ھەر لەو سۆنگەیەوە بە راوێژ لەگەل قایمقامی قەزای شەقلاوە و پارێزگاری ھەولێر بڕیارماندا بە راگەیاندنی پشوو تا رۆژی دووشەممە رێكەوتی 12/7/2020".

كاروان كەریم خان دووپاتیشی كردەوە، "لەو ماوەیە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بە شێوەی ئێشکگری بەردەوام دەبن لە کارە خزمەتگوزارییەکان".

بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر داواشی لە دانیشتوانی ناحیه‌ی هەریر كرد، "ھاوشانی ھێزە ئەمنییەکان و حکومەت ئەرك ببینن و پابەندی تەواوی خۆپارێزی بن و تەندروستی خۆیان و خانەوادەكانیان بپارێزن، بۆ ئەوەی بتوانین دۆخەکە کۆنترۆل بکەین و ژیانی رۆژانەمان ئاسایی بەرینە رێ".

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەك هاوڵاتی لە ناحیه‌ی هەریر توشی كۆرۆنا بوون و تا دێت ژمارەی توشبوان زیاد دەكات.


PM:11:41:07/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 13508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت