مەسرور بارزانی: چارەسەری كێشەكانی هەرێم و بەغداد لەسەر بنەمای دەستور


وێستگە نیوز-

وەزیری گەیاندنی عێراق ئامادەیی بۆ هاوكاریكردنی هەرێم لەبواری پەیوەندییەكان دەربڕی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش جەختیكردەوە كە لەسەر بنەمای دەستور كێشەكانی هەرێم و بەغداد چارەسەر بكرێن.

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەندازیار ئەركان شەهاب ئەحمەد ئەلشەیبانی وەزیری گەیاندنی عێراقی و شاندێكی یاوەری كرد، لە دیدارەكەدا كە ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان و عەلی خوەیلدی سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراقی ئامادەی بوون، پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی بە تایبەتی لە بواری گەیاندن تاوتوێكرا.

بەپێی راگەیەندراوی حكومەتی هەرێم، وەزیری گەیاندنی عێراق ئامادەیی وەزارەتەكەی بۆ هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی لە پێناو پێشخستنی بواری گەیاندن لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا و وتی "ئێمە ڕێز لە تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان دەگرین و دەمانەوێ باشترین پەیوەندی لە نێوان هەردوولادا هەبێت، چونكە بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندی هەموو عێراقە و بە پێچەوانەشەوە".

لەبەرامبەردا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش جەختی لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرالی كردەوە لە سەر بنەمای دەستوور، چونكە جێبەجێكردنی دەستوور فاكتەرێكی گرنگیی پێشكەوتن و سەقامگیربوونی دۆخی عێراقە.


PM:06:51:02/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 1500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت