داوایەكی یەكێتی لەیەكگرتووی ئیسلامی ئاشكرا دەبێت


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوای لەیەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كردووە لەڕێگەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ حكومەتی توركیا داوا لەو وڵاـە بكەن تۆپبارانی ناوچەكانی كوردستان رابگرێت.

رۆژی شەممەی رابردوو شاندێكی باڵای یەكێتی بەسەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی سەردانی یەكگرتووی ئیسلامییان كرد و لەگەڵ سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی ئەو حیزبە و بەرپرسانی یەكگرتوو كۆبوونەوە.

بەپێی زانیارییەكانی وێستگە نیوز كە لەسەرچاوەیەكی یەكێتییەوە دەستیكەوتووە، یەكێتی داوایان لەسەڵاحەدین بەهادین كردووە بەحوكمی نزیكییان لەپارتی داد و گەشەپێدانی توركیا كە پارتی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتەیە داوایان لێبكەن ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان تۆپباران نەكەن، چونكە ئەو تۆپبارانانە زیانی زۆری بەهەرێمی كوردستان گەیاندووە، یەكگرتووش بەئیجابی داواكەیان وەرگرتووە.

سەردانەكەی یەكێتی بۆ لای یەكگرتووی ئیسلامی لەكاتێكدابوو ئێوارەی پێنجشەممەی رابردوو توركیا بەفڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان سەیرانگای كونەماسی سەر قەزای شارباژێڕی سەر بەپارێزگای سلێمانییان بۆردومان كرد كە بەهۆیەوە گەریلایەكی پەكەكە و هاوڵاتییەكی دیكە گیانیان لەدەستدا و چەند كەسێكی دیكەش برینداربوون. 


PM:09:51:29/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 17588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت