كه‌جه‌كه‌ راگه‌یه‌ندراوێكی له‌ باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ یەکێتی بڵاوكرده‌وه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، "ئەگەرچی پەکەکە و یەکێتی دوو حزبی جیان، بەڵام پێداگرن لەوەی کە گوشار و هێرشەکانی تورکیا ناتوانن ئەو دوو حزبە رووبەڕووی یەکتری بکەنەوە"، دەشڵێت، هێرشی دیکەی هاوشێوە بۆ ناوچەی نزیک لە سلێمانی دووبارە دەبێتەوە.

کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەکردووە: "تورکیا هەرگیز ناتوانێت کوردان بدات بە گژی یەکدیدا و خەڵکی سلێمانی و گەلی کورد بەرەنگاری ئامانج و پیلانەکانیان دەبنەوە و ریسەکەی تورکیا و چاوشئۆغلو دەکەنەوە بەخوری." دەشڵێت، "راستە پەکەکە و یەكێتی دوو پارتی جیان، هەرکاتێک پێویست بکات رەخنەشی لێدەگرین، بەڵام پێداگیرین کە گوشار و هێرشەکانی تورکیا ناتوانن یەكێتی و پەکەکە رووبەڕووی یەکدی بکەنەوە".

لەبارەی هێرشەكەی دوێنێی توركیا بۆ سەر سەیرانگای كونە ماسی، کەجەکە دەڵێت، "تورکیا بە هاوپەیمانی ئاکەپە و مەهەپە هێرشدەكەنە سەر گەلەکەمان، کە سەریان لەبەری دانانەوێنن. داواش دەکات، "هیچ کەس و لایەنێک هاوکاریی توركیا نەکات".

باس لەوەشکراوە، "لە ئێستا بەدواوە تورکیا هێرشی هاوشێوەی كونەماسی بۆ سەر ناوچەکانی نزیک سلێمانی ئەنجام دەدات، ئەگەر گەل و لایەنەکان لە دژی ئەو هێرشانە وەخۆ نەکەون، ئەوا هێرشەکان فراوانتر دەبن".

ئەوەش دوای ئەوەدێت، دوێنێ، بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەوە لە سەیرانگای کونەماسی لە ناوچەی شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی، دوو کەس شەهید بوون و شەش کەسیش برینداربوون و زەرەر و زیانێکی‌ زۆریش بەر هاوڵاتیانی‌ ناوچەکە کەوت.

هــ. ر


PM:09:42:26/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 12472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت