وەزیری دارایی: پڕکردنەوەی کورتهێنان لە رێگەی قەرزکردنەوە، چارەسەرێکی کاتیە


وێستگەنیوز-
وەزیری دارایی عێرق رایگەیاند، یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبونی قەیرانی دارایی پشت بەستنە بە یەک سەرچاوەی داهات کە ئەویش فرۆشتنی نەوتە، کە لە ئەگەری دابەزینی بەهاکەیدا بودجەی وڵات روبەروی کورتهێنان دەبێتەوە، قەرزکردنیش بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە چارەسەرێکی کاتیە.

عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێرق لە دیدارێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، لە ئێستادا کۆی خەرجییەکانی  دەوڵەتی عێراق لە داهاتەکانی زیاترە، بەوهۆکارەش بودجەی حکومەت روبەروی کورتهێنان بووەتەوە و نەوت کە 92% بودجەکەی پێکدەهێنێت، نیوە بەهاکەی لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای بڕیارەکەی پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی یاسای قەرزکردنی ناوخۆ و دەرەکی، حکومەت بۆ دابینکردنی موچە قەرز لە بانکی نێودەوڵەتی دەکات، هەروەها کارئاسانی زیاتر بۆ وەبەرهێنانی دەرەکی لە عێراق دەکات و ئاستەنگییەکانی بەردەوام ئەو پرۆسەیە لادەبرێن.

ئەمڕۆش بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق یاسای قەرزی ناوخۆی و دەرەكی بۆ پڕكردنەوەی کورتھێنانی دارایی بۆ ساڵی 2020 پەسەند كرد، دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشه‌ممه‌ پرۆژه‌یاساکەی به‌ بەهای پێنج ملیار دۆلار و قه‌رزی ناوخۆی به‌ بەهای 15 ترلیۆن دینار په‌سه‌ندكرد.


PM:10:28:25/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 1652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت