سلێمانی.. بەشێک لە کارمەندانی هاتووچۆ و فەرمانبەران دژی کەمکردنەوەی موچە گردبونەوە


وێستگەنیوز-

بەشێک لە فەرمانبەران و کارمەندانی هاتووچۆ لە شاری سلێمانی بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر کەمکردنەوەی موچەکانیان بە رێژەی 21% لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، گردبونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەیان کرد.

کارمەندان و ئەفسەرانی هاتووچۆ باس لەوەدەکەن، لە ئەمساڵدا حکومەتی هەرێم تەنها موچەیەکی پێداون و موچەی پێنج مانگی رابردوویان وەرنەگرتووە، بەشێک کارمەندانیش خێزاندارن و لە کرێدا دەژین، لەوە زیاتر ناتوانن ئیش و کارەکان رایبکەن تا موچەکانیان پێنەدرێت و حکومەت دەستەبەری مافی فەرمانبەری راستەقینە نەکات.

ئاماژە بەوەشدەکەن، دۆخی گوزەرانی موچەخۆران لەوپەڕی خراپیدایە و بڕیارەکەی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی موچە پێچەوانەی ئەو ماندبوون و تێکۆشانەیە کە بەتایبەتی کارمەندانی کەرتی تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان لە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا ئەنجامیانداوە.

ئەوە لە کاتێکدایە هەرچەندە حکومەتی هەرێم بڕی 400 ملیار دیناری وەکو موچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەدەستگەیشتبوو، بەڵام  حکومەت دەڵێت بۆ دابینکردنی موچەی مانگی یەکی ئەمساڵ پارەی قەرزکردوە و لەو پارەیەی بەغدا قەرزەکانی داوەتەوە، بۆیە لە ئێستادا پارەی پێویستی بۆ دابەشکردنی موچە لەبەردەستدا نیە و کەمکردنەوەی موچە تاکە رێگاچارە بووە بۆ دابینکردنی مافی فەرمانبەران.



AM:10:21:23/06/2020






ئه‌م بابه‌ته 884 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت