ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی پرسی موچە و دۆخی ئابوری چەند بڕیارێکی دەرکرد


وێستگەنیوز-
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەرەچاوکردنی ئەو موچەیەی لەبەردەست وەزارەتی داراییدایە و بەهۆی دواکەوتنی ناردنی بودجە لەلایەن بەغدا و دابەزینی بەهای نەوت، بڕیاردرا بۆ مانگی شوبات ڕێژەی 79%ی خەرجییەكانی موچە و شایستەی دارایی موچەخۆران خەرجبکرێت و خاوەن وەزیفە باڵاكان و پلە تایبەتەكانیش موچە و شایستە داراییەکانیان بە رێژەی 50% خەرج دەکرێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، لە دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران چەندین كۆبونەوەی ئەنجامدا بە ئاراستەی هەرچی زو دابینكردنی شایستە داراییەكانی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان له رێگەی دیراسەكردنی سەرجەم ئەگەر و دەرفەتەكان و بە ڕەچاوكردنی ئەو داهاتەی كە ئێستا لەبەردەستی وەزارەتی دارایی و ئابورییه، بڕیاردرا تەمویلكردنی ڕێژەی 79% ( لە سەدا حەفتا و نۆی) خەرجییەكانی موچە و شایستەی دارایی موچەخۆرانی گشت وەزارەت و دەستە و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت و سەرجەم سەرۆکایەتی و دامەزراوەكانی هەرێم.

ئەوەش هاتوە، هەروەها بڕیادراوە بە ڕاگرتنـی خەرجکردنی ڕێژەی 21% ( لە سەدا بیست و یەكی) ئەوە کە دەمێنێتەوە لەلایەن وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە لەسەر سەرجەم موچەخۆران جێبەجێ دەكرێت بە ڕەچاوكردنی زۆریی و كەمیی شایستەی دارایی موچەخۆر، هەروەها خەرجكردنی تەواوی 100%( لە سەدا سەدی) شایستەی دارایی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی و كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەو موچەخۆرانەش كە شایستەی داراییان (300) سێسەد هەزار دینار و خوارتره.

پەیوەست بە پلەباڵاکانیش ئەنجومەنی وەزیران باسی لەوەکردوە، خەرجكردنی تەنیا ڕێژەی 50% (لە سەدا پەنجای) شایستەی دارایی ڕاسپێردراوان بە خزمەتی گشتی و خاوەن وەزیفە باڵاكان و پلە تایبەتەكان  لە (سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكانیان و ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرەكان و ئەوانەی بە پلەی ئەوانن و بریكارەكانی وەزارەت و ئەوانەی بە پلەی ئەوانن و ئەوانەی موچەی بریكاری وەزارەت وەردەگرن و خاوەن پلە تایبەتەكان.

ئەنجومەنی وەزیران داواشی لە وەزارەتی دارایی و ئابوری کردوە، ڕێنمایی دارایی پێویست بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە دەربكات، چونکە میکانیزمی هاتو لەم بڕیارە، ڕێکارێکی کاتییە و تەنیا بۆ موچەی ئەمجارەیە کە دابەش دەکرێت .

دەقی بڕیارەکانیکۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم:

ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/6/21  ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبونەوەیەکی تایبەتی ئەنجامدا.

لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێم و هەوڵەکانی حکومەت بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا.    

لە دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران چەندین كۆبونەوەی ئەنجامدا بە ئاراستەی هەرچی زو دابینكردنی شایستە داراییەكانی موچەخۆرانی هەرێمـی كوردستان له رێگەی دیراسەكردنی سەرجەم ئەگەر و دەرفەتەكان و بە ڕەچاوكردنی ئەو داهاتەی كە ئێستا لەبەردەستی وەزارەتی دارایی و ئابورییه كە بەراورد بە خەرجییەكانی موچە و شایستەی دارایی موچەخۆران، كورتهێنانێكی بەرچاوی تێدایە، بۆیە بە مەبەستی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو كورتهێنانە كە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ دواكەوتنـی ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن حكومەتی فیدراڵی و لێكەوتە دارایی و ئابورییەكانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە سەرتاسەری جیهانی گرتەوە بە هەرێمـی كوردستانیشەوە، ئەمە سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوت. لە كاتێكدا ئەنجومەنی وەزیران پێزانینی خۆی دەردەبڕێت بۆ تێگەیشتنی موچەخۆران لەم بارودۆخە داراییە سەختە و بەتایبەتیش پزیشك و كارمەندانی تەندروستی كە لە هێڵی پێشەوەی جەنگن لە دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەروەها هێزەكانی ئاسایش و ئاسایشی ناوخۆ و پێشمەرگەش، ئەنجومەنی وەزیران لە دوای دیراسەكردنی گشت ئەگەرەكان  بڕیاریدا بە:
یەكەم:
أ: تەمویلكردنی ڕێژەی 79% ( لە سەدا حەفتا و نۆی) خەرجییەكانی موچە و شایستەی دارایی موچەخۆرانی گشت وەزارەت و دەستە و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت و سەرجەم سەرۆکایەتی و دامەزراوەكانی هەرێم.
ب: ڕاگرتنـی تەمویلكردنی ئەو ڕێژەی 21% ( لە سەدا بیست و یەكەی) دەمێنێتەوە لەلایەن وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە لەسەر سەرجەم موچەخۆران جێبەجێ دەكرێت بە ڕەچاوكردنی زۆریی و كەمیی شایستەی دارایی موچەخۆر.
ج: خەرجكردنی تەواوی 100%( لە سەدا سەدی) شایستەی دارایی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی و كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەو موچەخۆرانەش كە شایستەی داراییان (300) سێسەد هەزار دینار و خوارتره.
د: خەرجكردنی تەنیا ڕێژەی 50% (لە سەدا پەنجای) شایستەی دارایی ڕاسپێردراوان بە خزمەتی گشتی و خاوەن وەزیفە باڵاكان و پلە تایبەتەكان  لە (سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكانیان و ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرەكان و ئەوانەی بە پلەی ئەوانن و بریكارەكانی وەزارەت و ئەوانەی بە پلەی ئەوانن و ئەوانەی موچەی بریكاری وەزارەت وەردەگرن و خاوەن پلە تایبەتەكان و  ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەری و دادگای پێداچونەوە و سەرجەم دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی و گشت ئەو كەسانەی بەپێـی خشتەی كارپێكراوی موچە، موچە و دەرماڵەی هەردو پلە باڵای (أ) و (ب) وەردەگرن لەسەر میلاكی شارستانی و سەربازی و ئەنجومەن و دەزگای ئاسایش و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ).
هـ: بڕگەی سەرەوە ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە بەو پلە و وەزیفانە خانەنشین كراون  یا لە دوای جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە شایستەی موچەی خانەنشینی دەبن بەو وەزیفە و پلانە.
دوەم:
أ : پێویستە وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕێنمایی دارایی پێویست بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە دەربكات.
ب : میکانیزمی هاتو لەم بڕیارە، ڕێکارێکی کاتییە و تەنیا بۆ موچەی ئەمجارەیە کە دابەش دەکرێت .
ج : گشت وەزارەت و دەستە و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت و سەرجەم سەرۆکایەتی و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بڕگەكانی ئەم بڕیارە جێبەجێ دەكەن لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابوری و بە ڕەچاوكردنی ڕێنماییەكانی خۆپارێزیی وەزارەتی تەندروستی لە كاتی دابەشكردنی موچە.
سێیەم:
ڕاسپاردنی لیـژنەی باڵای دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بۆ گەیشتن بە ئەنجام بە ئاڕاستەی دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.
چوارەم:
ڕاسپاردنی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ وەرگرتنـی ڕێكاری پێویست بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 كە لە سەرەتای مانگی تەمموزی 2020دا دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.



PM:09:54:21/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 7684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو