ئەمساڵ 15 هەزار و 650 پەنابەر بۆ دەرەوە كۆچیان كردووە

‌ژمارەیەك كۆچبەر وێنە: دەزگای لوتكە

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران رایدەگەیەنێت، ساڵی رابردوو 53 هەزار و 240 پەنابەری عێراقی رۆیشتوون بۆ دەرەوەی وڵات، لەوەش 47 پەنابەر گیانیان لەدەستداوە و 10 پەنابەریش بێسەروشوێن بوون، ئەمساڵیش تائێستا 15 هەزار و 650 پەنابەر رۆیشتوون لەوەش 10 پەنابەر گیانیان لەدەستداوە و 15ی دیكەش بێسەروشوێن بوون.

ئەمڕۆ ٢٠ی حوزەیران، ٦٩ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر راگەیاندنی جاڕنامەی كۆڕبەندی جیهانی جنێف بۆ مافەكانی پەنابەران، بەڵام هێشتا دیاردەی كۆچ و ئاوارەیی لە جیهاندا بەردەوامی هەیە.

بەپێی ئاماری دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران كە وێنەی بەوێستگە نیوز دراوە، ساڵی رابردوو 53 هەزار و 240 پەنابەری عێراقی رۆیشتوون بۆ دەرەوەی وڵات، لەوەش 47 پەنابەر گیانیان لەدەستداوە و 10 پەنابەریش بێسەروشوێن بوون، ئەمساڵیش تائێستا 15 هەزار و 650 پەنابەر رۆیشتوون لەوەش 10 پەنابەر گیانیان لەدەستداوە و 15ی دیكەش بێسەروشوێن بوون.

هەر بەپێی ئەو ئامارە، كۆی گشتی پەنابەرانی تۆماركراو لە شەش ساڵی رابردوودا 577 هەزار و 943 كەسن، كۆی گشتی مردووان لەڕێگەی نایاسایی 415 كەسن، كۆی گشتی بێسەروشوێنكراوانیش 171 پەنابەرن.
هەروەها ئاماری تووشبووی عێراقی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەجیهاندا زیاتر لە دوو هەزار كەسی تێپەڕاندووە و نزیك بە 85 هاوڵاتیش گیانیان لەدەستداوە.

ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران بەوێستگە نیوزی راگەیاند، بەهۆی ناسەقامگیری باری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی كە ساڵانێكە بەرۆكی ئەم ناوچەیەی گرتووە و لەسەروو ئەمانەش بارودۆخی تەندروستی و بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لەجیهاندا و بەتایبەتی عێراق و هەرێمی كوردستان كە بەداخەوە ئامارە توشبووان و قوربانییەكان بەردەوام لەهەڵكشاندایە.

ناوبراو روونیكردەوە، شەش ساڵی رابردوو بەداخەوە ساڵانێكی پڕ كارەسات و تراژیدیا بوو بۆ هاووڵاتیانی عیراق و هەرێمی كوردستان كە سەدان پەنابەر و ئاوارە بەهۆی خراپی باردودۆخی ڕێگا قاچاخەكانەوە و بە جۆرەها تراژیدیای دڵهەژێنی مرۆیی گیانیان لەدەستداوە، یاخود بێسەروشوێنن بوون كە بەشێكی زۆری قوربانیەكان پێكهاتبوون لە ژن و منداڵ، ئەمە لە كاتێكدا كە بە سەدان پەنابەری تر بەهۆی ڕاگرتنیان لە كەمپ و گرتوخانەكاندا بۆ ماوەیەكی دریژخایەن دەستبەسەركراون كە بەشێكیان توشی شڵەژانی دەرونی و دڵەڕاوكێ بوونەتەوە.

سەرۆكی دەزگای لوتكە چەند داوایەك ئاڕاستەی لایەنە بەرپرسەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكەن ئەوانیش "كاری جدی و بەپەلە بكرێت بۆ ڕاگرتنی دیپۆرتی پەنابەران، كە بەشێك لەووڵاتان پلانی دیپۆرتی زۆرەملێی پەنابەرانیان هەیە، ئەمەش بۆتە هۆی دروستبوونی بارێكی دەرونی خراپ لای پەنابەران و زۆرجار دەرئەنجامی ئەم بارە دەرونییە تراژیدیای مرۆیی وەك خۆ كوشتنی لێكەوتۆتەوە كە بەداتاو بەڵگە لە لامانەو نابێت ئەم تراژیدیایە چیتر بەردەوامی هەبێت".

هەروەها ئاماژەی بەوەكرد "پێویستە دەستبەجێ كۆتایی بهێنرێت بەسیاسەتی ڕاگرتنی پەنابەران لە كەمپەكاندا كە بەهیچ پێوەرێك شوێنی ژیان و مانەوەی ئینسان نییە، پێدانی مافی پەنابەریان و گوێزانەوەیان بۆ كۆمەڵگەی ئارام و شایستە بە ئینسان، ئاسانكاری بكرێت لە پڕۆسەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانی ئەو هاوڵاتی و پەنابەران لەدەرەوەی ووڵات بۆ زێدی خۆیان بۆ ئەو پەنابەرانەی بەشێوەی ئارەزومەندانەو لەسەر ویستی خۆیان داوای گەرانەوەیان دەكەن".


PM:03:51:20/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 1852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت