پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی تۆپبارانەکەی ئێران مەترسییەک ئاشکرا دەکەن


وێستگەنیوز-
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، تۆپبارانەکەی ئێران لە چەند رۆژی رابردودا و جێگیرکردنی هێزێکی زۆری ئەو وڵاتە لەسەر سنوور، مەترسی بەزاندنی سنوور لەلایەن ئەو هێزانەوەی لێدەکرێت، داواش لە هەولێر و بەغدا دەکەن سەروەری عێراق بپارێزن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوەدەکەن، لە بەرەبەیانیی سێشەممە 27ی جۆزەردانەوە ( 16ی حوزەیرانی 2020) "تۆپخانەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیانکردووە بە تۆپباران و کاتیوشابارانی بەرزاییەکانی گوندی ئالانە لە ناوچەی حاجی ئۆمەران لە سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان".
 
ئەوەش هاتوە، ئەوە یەکەمجار نییە ئێران بە بیانووی لێدانی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە تۆپ و مووشەک سنووری هەرێمی کوردستان و عێراق دەبەزێنێت، بەڵام باوەڕیانوایە ئەوەی ئەمجارەیان "دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئێران  بوە لە ئەنقەرەیە". 
 
لە راگەیەنراوەکەدا پارتەکانی رۆژهەڵات هۆشداریی دەدەن کە کۆماری ئیسلامی جگە لە بەردەوامیی تۆپبارانەکەی، مەبەستی "لێدانی بنکەی حیزبە کوردییەکانی دژبەری خۆی، هێزێکی زۆری پڕچەکیشی بەدرێژایی سنوورەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان بە گشتی و ئەو ناوچەیە بە تایبەتی کۆکردووەتەوە و ئەگەری بەزاندنی سنوور لەئارادایە". 
 
ناوەندەکە کەلە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی دیموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پێکدێت داوا لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەکات ناڕەزایی دەربڕن و داوا بکەن تاران رێز لە سەروەریی وڵاتەکەیان بگرێت. 


AM:12:01:19/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 3296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت