ئۆفەرێكی دیكە بۆ چاكبووانی كۆرۆنا كە ئامادەن پلازما بدەنە تووشبووان

‌د.پشدەر عەبدوڵا

وێستگە نیوز-

پزیشكێكی بواری منداڵان رایدەگەیەنێت، هەر چاكبوویەكی كۆرۆنا ئەگەر پلازما ببەخشێتە تووشبویەك، ئامادەیە لەداهاتوودا بێ بەرامبەر چارەسەری نەخۆشەكانیان بكەن.

د.پشدەر عەبدوڵا، پزیشكی پسپۆری منداڵان لەپەیامێكدا رایگەیاندووە، هەموو ئەو نەخۆشانەی كۆڕۆنایان گرتووەو چاكبوونەتەوە، ئەگەر پلازمای خوێنیان ببەخشن بە كەسێكی تووشبوو ئەوە پێشنیار كراوە ئەوان چارەسەری نەخۆشەكانیان بكەن لە داهاتوودا بێ بەرامبەر.

د.پشدەر ئاماژەی بەوەكردووە "لێرەوە پێتان ڕاددەگەیەنین لە پێناو تەندروستی گشتیدا من ئامادەم چارەسەری منداڵەكەی بكەم لە داهاتوودا بێ بەرامبەر بۆ هەر كەسێك پلازماكەی ببەخشێت بەكەسێكی تووشبوو  بۆ ڕزگاركردنی ژیانی ئەوانەی كە ئێستا تووشی كۆڕۆنا بوون و ژیانیان لە مەترسیدایە و پێویستیان بە پلازمای خوێنە".

بەهۆی بەرزبوونەوەی توشبووانی كۆرۆنا لەشاری سلێمانی، ماوەی سێ رۆژە تەندروستی سلێمانی داوا لەو چاكبووانەی كۆرۆنا دەكات كە 14 رۆژە چاكبوونەتەوە و لەماڵەوە تەنها بەبەخشینی بتڵێك خوێن هاوكاری تووشبویەك بكەن بۆ ئەوەی پلازماكەی بۆ تووشبوان بەكاربهێنن، دوێنێش هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند هەر چاكبوویەكی كۆرۆنا پلازما ببەخشێتە تووشبوویەك خەڵاتی دەكەن.


PM:04:24:18/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 2968 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت