وه‌زیری دارایی: به‌م نزیكانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكده‌كه‌وین

‌دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
وەزیی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، گەشبینین بەمنزیكانە لەگەڵ بەغدا بگەن بەڕێككەوتن و ده‌یانه‌وێت كێشه‌كان له‌ ریشه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.


بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاوات شێخ جەناب، لەگەڵ هاكان كراچای، كونسوڵی گشتی كۆماری توركیا لە هەولێر كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا باسیان لە په‌یوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كردووە.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، وەزیری دارایی رایگەیاندووە، "ئێمە وەك هەرێمی كوردستان په‌یوەندییەكی مێژووییمان هەیە لەگەڵ توركیادا، دەمانەوێت لە رووی ئابوورییەوە پەرە بە پێوەندییەكانمان بدەین و پێشوازی دەكەین لە وەبەرهێنەران و بازرگانانی توركیا بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمدا، چونكە لە هەرێمدا ژینگەیەكی باشی وەبەرهێنان هەیە".

باسی لەوەشكردووە، قووڵایی ستراتیجی هەرێم لەم كابینەیەدا بەغدا بووە، "بۆیە دەمانەوێ گرفتەكان لەگەڵ بەغدا لە ریشەوە چارەسەر بكەین، گەشبینین لە ماوەیەكی نزیكدا لەگەڵ بەغدا بگەین بە رێككەوتن".

ئه‌م وتانه‌ی وه‌زیری دارایی و ئابووری هه‌رێم له‌كاتێكدان كه‌ بڕیاره‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا شاندێكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكاته‌وه‌، به‌مه‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوولا و گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن.


PM:02:43:14/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 2248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت