داوای گۆڕینی وەزیری تەندروستی هەرێم دەكرێت


وێستگە نیوز-

پزیشكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین رایدەگەیەنن، ئەگەر لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچە دابەش نەكرێت راژەكانیان دەگوازنەوە سەر بەغدا و داوای گۆڕینی وەزیری تەندروستیش دەكەن.

ئەو پزیشكانە لەپەیامێكدا رایانگەیاندووە، وا ماوەی حەوت ڕۆژی تەواوە زیاد لە هەزار پزیشك لەم ناوچانە بەهۆی دواكەوتنی مووچە كە مافێكی سەرەتاییانە بایكۆتی ناوەندە تەندروستییەكانیان كردووە و هەر بەو هۆیەشەوە تەواوی نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنكە تەندروستییەكان داخراون، ئەمەش مەترسی لەسەر ژیان و گیان و تەندروستی هاونیشتمانیانی یٔەم دەڤەرە دروستكردووە.

وەك لەڕاگەیەندراوەكە هاتووە، بۆ بەردەوامیدان بەم كێشانە سەرۆكی حكومەت و وەزیری تەندروستی لە بێدەنگییەكی قوڵدان و بێوەڵامدانەوەی داواكارییەكانیان سەرەڕای بوونی پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی وەك مووچە و بێگوێدانە گرنگی كار و پیشەی پزیشكان بەتایبەت لەم كاتەدا كە بڵاو بوونەوەی كۆرۆنا گەشتۆتە ترۆپكی و مەترسی جدی لەسەر هاوڵاتیان دروستكردووە و ڕۆژ نییە زیاد لە پزیشكێك تووشی ئەم ڤایرۆسە نەبێت، هەر ڕۆژە و بە بابەتێكی لاوەكییەوە خەڵك دەخڵافێنن و داخوازی ئەوەن كێشەی مووچە و قووتی هاوڵاتیان لە بیر بەرنەوە.

ئەو پزیشكانە دەڵێن، داواكارن بە گۆڕینی وەزیری تەندروستی بە كەسێكی تر كە توانستی زانستی و بەڕێوەبردنی لە ئاستێكدا بێت بێ گوێدانە ناوچەگەرایەتی و بیری تەسكی حیزبایەتی بتوانێت خزمەت بە كەرتی تەندروستی بكات لە سەرجەم ناوچەكانی كوردستان بەم دەڤەرەشەوە، چونكە لە ئێستادا گومانیان لا دروستبووە كە ئاخۆ بڵێی كڵێشەی وەزارەتی تەندروستی ئەم ناوچەیەی لەخۆ گرتبێت! بەو هیوایەی كەسێك دابنرێت كە نومایەندە و داواكارێكی سەرسەختی پزیشكان بێت و هەیبەت و ئاستی زانستی وەزارەتی تەندروستی لە بەڕێوەبردنی كێشەكاندا بە بەرزی ڕاگرێت نەك ببێتە بەشێك لە بڕیاری ناتەندروست و نازانستی بە پاڵنەری لاوەكی.

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "داواكارین سەندیكای پزیشكان بێتە سەرخەت و بە دەنگێكی دلێر داوای ڕەوای پزیشكان بە لایەنەكان ڕاگەیەنێت بە پێچەوانەوە لە یٔەگەری بەدەمەوە نەهاتنی داواكارییەكانمان داوایان لێدەكەین دەست لەكاربكشێننەوە و دەستەیەكی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی سەندیكای پزیشكان هەڵبژێردرێت كە دەنگی ڕاستەقینەی پزیشكان بێت و لەگەڵ كێشە و یٔاستەنگەكانی بەردەمیاندا لەسەرخەت بێت بۆ چارەسەر، داواكارین لە حكومەت و وەزارەتی دارایی بۆ بەدەركردنی وەزارەتی تەندروستی لە ڕێكارە یٔاڵۆزەكانیان بۆ پەیداكردنی نەختینەی دابەشكردنی مووچە هەوڵی تەواویان بخەنە گەڕ بۆ دابینكردنی مووچەی وەزارەتی تەندروستی بە هەموو ۳٠ ڕۆژێك".

ئەو پزیشكانە هۆشداری دەدەن "لە یٔەگەری جێبەجێ نەكردنی داواكارییەكانی پێشوومان و دابەشنەكردنی مووچە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا یٔەوا دەست دەكەین بە هەڵمەتی كۆكردنەوەی یٔیمزا بۆ دەستلەكاركێشانەوەی گشتی و گواستنەوەی ڕاژەكانمان بۆ سەر حكومەتی ناوەندی لە بەغداد".

رۆژی 5ی مانگی رابردوو وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم مووچەی مانگی یەكی ئەمساڵیان وەرگرت، بەڵام تا ئەمڕۆ مووچەی مانگی شوباتیان پێنەدراوە.


PM:05:21:12/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 2948 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت