بەغداو واشنتۆن لە گفتوگۆی ستراتیژی لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتن


وێستگه‌ نیوز ـ
مستەفا كازمی، سەرۆكی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، گفتوگۆی ستراتیجی كە لە نێوان بەغدا و واشنتن ئەنجامدرا، دەستكەوتێكی گەورەی عیراقییە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی عیراق بڵاویكردەوە، كە كازمی جەختی لەوە كردووەتەوە، لە چوارچێوەی گفتوگۆی ستراتیجی، سەرنج خراوەتە سەر بنەمای سەروەری و بەرژەوەندییەكان عیراق و "لە بەدەستهێنانی ئەنجامەكانیش سەركەوتوو بوونە".

ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لە گفتوگۆكەدا، جەخت لە كشانەوەی تەواوی هێزەكانی ئەمریكا كراوەتەوە لە عیراق و هیچ بنكەیەكی سەربازیشیان نەمێنێت، ئاماژەی بەوەشكردووە، هەر لە گفتوگۆكەدا دان بە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران نراوە لە بارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە وڵات.

ئاژانسەكە روونیشی كردووەتەوە، كازمی ئاماژەی بەوە كردووە، لەسەر چەند ئاستێكی جیاواز، وەك پەیوەندییە ئابوورییەكان و كەرتە جیاوازەكانی دیكە، هەماهەنگی بەردەوامیان لەگەڵ واشنتن دەبێت و گفتوگۆكەش دەستكەوتێكی گەورەی عیراقییە.

بە گوێرەی كارنامەی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتن، كە پێشتر لەلایەن ئەمریكا بڵاوكرایەوە، گفتوگۆكان لە بارەی چوار پرسی سەرەكی بوون، وەك: دۆسیەی ئەمنی باسكراوە بەتایبەتیش و كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق و دڵەڕاوكێكانی بەغدا لە دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆ، پرسی ئابووری عیراق و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان و ئەنجامدانی چاكسازی.

تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكە، پرسی سیاسی عیراق بووە، كە باس لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و گەڕاندنەوەی دادپەروەرییە بۆ قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی عیراق.

تەوەری كولتووریش بەشێك بووە لە گفتوگۆی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتن، كە باس لە گەڕاندنەوەی هەندێک شوێنەوار دەكرێت و ویلایەتە یەکگرتووەکان رازیدەبێت بە گەڕاندنەوەی ئەرشیڤی حزبی بەعس و چاودەخشێنێتەوە.

هــ. ر


AM:09:37:12/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 4708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت