روونكردنەوەیەك لەوەزارەتی تەندروستی هەرێمەوە


وێستگە نیوز-
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم روونكردنەوەیەك سەبارەت بە "پەراوێزخسن"ی كارگەی بەرهەمهێنانی ئۆكسجینی سلێمانی بڵاوكردەوە و دەڵێت، تەنها پارچەی یەدەگی (پستۆن)ی پێویستە و لە وڵاتی ئەمەریكا دەهێنرێت و ئۆردەرو دەرخستەی بۆ كراوە.

د.محەمەد قادر خۆشناو، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕوونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێك سەبارەت بە كارگەی بەرهەمهێنانی ئۆكسجینی سلێمانی كە گوایە پەراوێز خراوە، بۆ هاوڵاتییانی روون دەكەنەوە كە تەواوی هەواڵەكە دوورە لەراستی و دوای بەدواچوون و پەیوەندیكردنیان بە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، بەڕێوەبەری گشتی  رایگەیاندووە كە تەنها پارچەی یەدەگی (پستۆن)ی پێویستە و لە وڵاتی ئەمەریكا دەهێنرێت و ئۆردەرو دەرخستەی بۆ كراوە.

د.محەمەد قادر ئاماژەی بەوەكردووە، كێشەكە كێشەی دابینكردنی خەرجی و پارەی (بیست و شەش ملیۆن) نییە، بەڵكو تەنها كێشەی كاتە، كە پێویستی بە نزیكەی بیست رۆژ هەیە تاوەكو لەلایەن كۆمپانیای پەیوەندیدار دەگاتە هەرێمی كوردستان. 



 


PM:06:45:11/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 3468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت