حكومەتی هەرێم روونكردنەوەی سەبارەت بە٤٠٠ ملیار دینارەكە بڵاوكردەوە


وێستگە نیوز-

حكومەتی هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەكی سەبارەت بەو 400 ملیار دینارە بڵاوكردەوە كە پێشتر لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ مووچەی فەرمانبەران رەوانەی هەرێم كرا.

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم رایگەیاندووە، ئەو ٤٠٠ ملیار دینارەی كە حكومەتی فیدراڵ لەماوەی رابردوو خستییە سەر ئەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی رێككەوتنی پێشووی نێوان هەولێر و بەغدا بووە، كە پێشتر‌ مانگانە  ٤٥٣ ملیار دینار بوو، بەڵام بەهۆكاری سیاسی و قەیرانی دارایی، ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ ماوەیەك راگیرا و پاش جەژنی رەمەزان بە بڕێكی كەمترەوە خراوە سەر ئەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی و ئابووری.

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە، لەلایەكی دیكەوە، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بوو، بە هەر شێوەیەك بێت، مووچەی تەواوی فەرمانبەران پێش جەژن دابەش بكرێت، هەر بۆیە حكومەت بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئەركەی خۆی دانوستانی لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت كرد كە ماف و شایستە داراییەكانی خۆیان بۆ ماوەیەك دوا بخەن.

وەزارەتی دارایی وتویەتی "بەو جۆرە توانرا ٣٧٥ ملیۆن دۆلار لە فرۆشتنی نەوت و دواخستنی ماف و شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكان كۆبكرێتەوە، هەروەها ١٥٠ ملیۆن دۆلاری دیكە لە چەند كۆمپانیایەكی نەوتی قەرز كرا و وێڕای ئەمەش بڕی ١٣٨ ملیۆن دۆلار (كە بە دینار دەكاتە ١٦٥ ملیار و ٧٢٥ ملیۆن) لە سەرمایەدارانی ناوخۆ بۆ ماوەی مانگێك قەرز كرا و لەگەڵ ١٧ ملیۆنی هاوپەیمانان و ٧٥ ملیۆن دۆلاری داهاتی ناوخۆ، توانرا كۆی مووچەی مووچەخۆران لە پێش جەژن دابەش بكرێت".

راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی باسی لەوەكردووە "چەند رۆژێك دوای جەژن ئەو گوژمەیەی بەغدا گەیشت، بانكی ناوەندیی عێراق بەر لە گواستنەوەی٤٠٠ ملیار دینارەكە بۆ سەر ئەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی هەرێم، بڕی ١٢ ملیار دیناری بۆ قەرزی بانكە ئەهلییەكان بڕی و تەنها‌ ٣٨٨ ملیار بۆ هەرێم مایەوە".

وەزارەتی دارایی دەڵێت "لەو ٣٨٨ ملیار دینارە‌، بڕی ١٦٥ ملیارو ٧٢٥ ملیۆن دینار قەرزی سەرمایەدارانی ناوخۆی گەڕێندرایەوە، ئێستا بڕی ٢٢٢ملیار و ٢٧٥ ملیۆن دینار لەو پارەیە ماوەتەوە، ئەوجا یان دەبێت لەگەڵ  كۆكردنەوەی داھاتی ناوخۆ و پارەی فرۆشتنی نەوت بۆ مووچەی داھاتوو تەرخان بكرێت، كە ھێشتا كورتھێنان ھەیە و یاخود باقی قەرزەكانی مانگی ڕابردووی پێ بدرێتەوە".

چەند رۆژێكە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هاوڵاتیان كوردستان پرسیار دەكەن و دەڵێن "كوا 400 ملیار دینارەكە؟"، ئەوەش لەكاتێكدایە تائێستا حكومەتی هەرێم مووچەی مانگی شوباتی ئەمساڵی دابەش نەكردووە.



PM:06:30:11/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 4312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو