شاسوار عه‌بدولواحید: بۆچی بەغدا راستەوخۆ مووچە بەسەر فەرمانبەرانی هه‌رێم دابەشناکات

‌شاسوار عەبدولواحید،

وێستگه‌ نیوز ـ
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، حکومەتی عیراق بڕی 400 ملیار دیناری رادەستی هەرێم کرد، كه‌ لەو بڕە پارەیە مووچەی فەرمانبەران دابەشنەکراوە، دەشڵێت، "بۆچی حکومەتی بەغدا بەشێوەیەکی راستەوخۆ مووچە بەسەر فەرمانبەراندا دابەشناکات؟ نهێنی ئەم بابەتە چییە؟".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی حوزه‌یرانی 2020، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: "دوو هەفتە پێش ئێستا، حکومەتی نوێی عیراق، بڕی 400 ملیار دیناری نارد بۆ حکومەتی هەرێمی‌ کوردستان، سەرەڕای ئەوەی هەرێم تاوەکو ئێستا نەوتی رادەستی‌ حکومەتی ناوەند نەکردوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەو بڕه پارەیەش مووچەی فەرمانبەرانی دابەش نەکردوە!".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەوەی جێگەی پرسیارە بۆچی حکومەتی ناوەند پارە دەدات بە دەسەلاتدارانی هەرێم، بەڵام بە شێوەیەکی راستەوخۆ نایدات بە فەرمانبەران؟ مەسەلە نهێنێکە لەم بابەتەدا چییە؟".

دوو هەفتە لەمەوبەر، حکومەتی عیراق  بڕی 400 ملیار دیناری رادەستی حکومەتی هەرێم کرد، سەرەڕای ئەوەش حکومەت تائێستا خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی دووی رانەگەیاندووە، ئەوەش نیگەرانی و نارەزایەتی بەشێکی هاوڵاتیانی لێکەوتوەتەوە.

 


PM:02:24:11/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 3752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت