له‌ باره‌ی حه‌جی ئه‌مساڵه‌وه‌ ته‌ندروستی جیهانی داوایه‌ك له‌ سعودییه‌ ده‌كات

‌فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ
رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی داوا لە سعودیە دەکات مەراسیمی حەجی ئەمساڵ ئەنجامنەدرێت، بەڵام سعودیە هێشتا بڕیاری نەداوە لەوەی ئەمساڵ بەتەواوەتی حەج رادەگرێت، یان تەنیا رێگە بە ژمارەیەکی کەم خەڵک دەدات حەج بکەن.

نووسینگەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، بۆ دواخستن و ھەڵپەساردنی مەراسیمی حەجی ئەمساڵ، لەگەڵ سعودیە لە گفتوگۆدان و لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیاری نوێ لەوبارەیەوە بڵاودەكرێتەوە.

ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار موسڵمان روودەکەنە سعودیە بە بەجێهێنانی فەریزەی حەج، داتا فەرمییەکانی سعودیەش نیشانی دەدەن داهاتی ئەو وڵاتە لە حەج و عومرە، ساڵانە دەگاتە نزیکەی 12 ملیار دۆلار.

بەپێی سێ سەرچاوە کە قسەیان بۆ ئاژانسی رۆیتەرز کردووە، سعودیە بیرلەوە دەکاتەوە ئەمساڵ تەنیا ژمارەیەکی سیمبوولی موسڵمانان رێگەیان پێبدرێت حەج بکەن، ئەو رێوشوێنانەش لەپێناو رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای کۆرۆنا.

تا ئێستا نووسینگەی رۆژنامەوانی حکومەتی سعودیە راگەیەندراوی لەبارەی چارەنووسی حەجی ئەمساڵ بڵاونەکردووەتەوە.

لە مانگی ئازاری ئەمساڵ، سعودیە هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی حاجییانی بۆ سعودیە راگرت و رۆژی هەینی رابردووش جارێکی دیکە قەدەغەی هاتووچۆی لە تەواوی شاری جەددە راگەیاند، کە زۆربەی ئەوانەی بەمەبەستی حەج روودەکەنە سعودیە، سەرەتا لە فڕۆکەخانەی ئەو شارەوە داده‌به‌زن، ئەمەش دوای بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە پەتای کۆرۆنا لەو شارە.

بەپێی داتا فەرمییەکان، لە ساڵی 2019 نزیکەی 19 ملیۆن موسڵمان عەمرەیان کردووە و 2.6 ملیۆن کەسیش حەجیان کردووە.

هــ. ر


PM:12:15:11/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 3632 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت