پێشنیازی كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عیراق هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌


وێستگه‌ نیوز
راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، كە پێشنیازی كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران هەڵوەشێندراوەتەوە و لە بەرامبەردا، بەپێی یاسای باجی دەرامەتی هەشتاكانی سەدەی رابردوو، باج بەسەر ئەو كەسانەدا دەسەپێندرێت كە زیاتر لە 500 هەزار دنیار وەك مووچە وەردەگرن.


مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند: "عیراق بۆ چارەسەرکردنی كورتهێنانی بودجە پێویستی بەوەیە، نرخی یەك بەرمیل نەوت لە بازارەكاندا، بگاتە 56 دۆلار".

راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق باسی لەوەشكرد، كە لەئێستادا، زیاتر لە هەشت ملیۆن كرێكار لە كەرتی تایبەتدا كاردەكەن كە پێویستە كێشەكانیان لە رووی ئابوورییەوە چارەسەر بكرێت.

وتیشی: "پێنشیازدەكەین دووبارە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی داهات دابنرێتەوە كە لە پەنجاكانی سەدەی رابردوودا، بوونی هەبوو بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ داهاتەكانی نا نەوتی بكات".

ئاماژەی بەوەشکرد، كە لە میانی سەپاندنی یاسای باجی دەرامەت بەسەر هەموواندا، دادپەروەریی كۆمەڵایەتی جێبەجێ دەكرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، عیراق لەبەرامبەر بەرهەمهێنانی نەوتدا، مانگانە بە بەهای یەك ملیار دۆلار، نەوت دەدات بە كۆمپانیاكان.

بەهۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوتەوە، عیراق روبەروی دۆخێکی دارایی سەخت بووەتەوە و بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی رابردووش، بەرپرسانی دارایی ئەو وڵاتە پەنایان بردە بەر بانکە ناوخۆییەکان.

هــ. ر


PM:06:58:09/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 14648 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت